
"ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی تێلێڤیزیۆنیدا پاکانە بۆ خۆی دەکات و "حەسەن ڕوحانی" سەرکۆماری پێشووی ئەو ڕێژیمە بە گەندەڵی و بەرپرسێکی نەشیاو لەقەڵەم دەدات و وتوویەتی: "خەڵک دەزانن دەوڵەتمان بە هەڵاوسانی ٦٠ لەسەدی وەرگرتووە و دەبا بابەتی ئابووری پێش ئێمە چارەسەر بکرایەت".
"ڕەئیسی" لە درێژەدا بۆ ئەوەی کەس گومان لە دروشمی "نەشەتەرگەریی ئابووریـ"ـی خۆی نەکات، دەڵێت: "ئاسەواری بەرزبوونەوەی نرخەکانی ئێستا کورتماوەیە و چارەسەر دەکرێت. ئەگەر یارانە بۆ خەڵک تێکرێت پارەیەک نامێنیتەوە کە بمانهەوێت کەمیی بودجەی پێ چارەسەر بکەین".
ناوبراو زیادی کردووە: "لەگەڵ مەجلیس قسەمان کردووە بۆ ئەوەیکە بەشێک لە بەرزکردنەوەی نرخەکان بۆ ساڵەکانی داهاتوو دابنێین".