کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئیبراهیم ڕەئیسی" بەنیسبەت کێشە و گرفتەکان لە کوردستان چەواشەکاری دەکات

11:45 - 19 بەفرانبار 2720

"ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرۆکی دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران سەردانی پارێزگای "کرماشان" لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کرد و ناوبراو بەنیسبەت کێشەی کۆڵبەران و کێشەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە تەنیا قسەی ناڕاستی کرد.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی: "کاتی بوومەلەرزەکە من هاتم و لە خزمەت هەموو ئەم بەرپرسانەدا بووم، ئەمڕۆ دەبینم ٩٨ لەسەدی کێشەکان لەم ماوە کەمەدا چارەسەر کراون، ئەوەش جێی دەستخۆشییە و نیشانی دەدات کە لەنێو بەرپرساندا کەسانی دڵسۆز زۆرن".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژم باسی لە کۆڵبەری کرد کە دەبێ ڕێگا بۆ کۆڵبەری بکرێتەوە هەتا خەڵک ژیانێكی خۆشیان هەبێت.

 قسەکانی "ڕەئیسی" بۆ کێشەکان تەنیا چەواشەکارییە؛ سەرجەم کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانیش بەنیسبەت کۆڵبەرانەوە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە، تەقەیان لێ دەکەن.

ڕۆژانە کۆڵبەران دەکرێنە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و تەنیا ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی ٢٣٦ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون و بریندار بوونە.

لە بواری بوومەلەرزەی کرماشان قسەکانی "ڕەئیسی" ڕاست نییە، چونکە دوای نزیک بە چوار ساڵ لە هاتنی ئەو بوومەلەرزەیە هەتا ئێستاش خەڵک لە ئاوارەییدا دەژین.