کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئیبراهیم ڕەئیسی" لە سەفەری بۆ پارێزگای ورمێ، لەلایەن خەڵکەوە هیچ پێشوازییەکی لێ نەکرا

12:34 - 31 بانەمەڕ 2722

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران سەردانی هەندێک لە شارەکانی پارێزگای ورمێ کرد.

ناوبراو لەو سەردانەیدا ئیدیعای دەکرد چووە گوێ لە خەڵک بگرێت و لە نزیکەوە سەردانی خەڵک بکات، بەڵام لەلایەن خەڵکەوە هیچ پێشوازییەکی لێ نەکرا.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، "ڕوحوڵڵا حەزرەتپوور" بەناو نوێنەری خەڵکی ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیم وتبووی: "هاتنی ڕەئیسی ئەگەر چارەسەرکردنی کێشەکانی بەدواوە نەبێت، هیچ بایەخێکی نییە".

لە مەهاباد و لە کاتی سەردانی "ڕەئیسی"، خەڵک بە مانەوە لە ماڵەکانیان، دیدار لەگەڵ "ڕەئیسیـ"ـیان بایکۆت کرد و جگە لە دەستوپەیوەندییەکانی خۆیان کەسی دیکە پێشوازیی لە ناوبراو نەکرد.

هاوکات لەگەڵ سەردانی ڕەئیسی بۆ مەهاباد، ڕێژیم بۆ سازکردنی کەشی ترس، چەندین هێلێکۆپتێری بە ئاسمانی شارەکەدا دەسووڕاندەوە.

لە پیرانشاریش پێشوازی لە ڕەئیسی نەکرا و ناوبراو لەگەڵ گلەیی و گازندەی کۆمەڵێک خەڵک بەرەوڕوو بووەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکی زۆربەی شارەکان گاڵتەیان بە سەفەری ڕەئیسی کردبوو و زۆربەی هاووڵاتییان وتبوویان: "ڕێژیم پێش لە ئێستا چیی بۆ خەڵکی شارەکانی کوردستان کردووە هەتا لەوە بەدوا بیکات".