کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئیبراهیم ڕەئیسی" وەکوو سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران دیاری کرا

13:04 - 29 جۆزەردان 2721

لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێراندا کە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان بەڕێوە چوو، ستادی هەڵبژاردنەکانی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران ''ئیبراهیم ڕەئیسیـ''ـی وەکوو براوەی ئەو بەناو هەڵبژاردنانە ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' نزیکەی ١٧ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگی هێناوەتەوە.

نزیکەی ٥٩ ملیۆن کەس دەیانتوانی لە هەڵبژرادنەکانی ئەم خولەدا بەشداری بکەن، کە وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بەپێی هەژمارکردنی ٩٠ لەسەدی دەنگەکان ڕێژەی بەشداربووان ٢٨ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس بووە.

لە حاڵێکدا بەپێی هەژمارکردنی دەنگی بەربژێرەکانی دیکە، نزیکەی ١٥ لەسەدی دەنگەکان بەتاڵن کە دوای ''ڕەئیسی" زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانە.

ڕاگەیاندنی ئەو ئامارەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە کارناسان و هێندێک لە ناوەندەکانی ڕاپرسی ئەو ئامارەی ڕێژیم بە ساختەکاری ناو لێ دەبن.

شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا بەڕێوە چووه کە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەو شانۆگەرییەی ڕێژیمیان بایکۆت کردبوو.

سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی زۆری دا کە کەشێکی گەرم لەو هەڵبژاردنانە پیشان بدات، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە یەکێک لە ساردترین هەڵبژرادنەکان لە تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بوو کە لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە هیچ پێشوازییەکی لێ نەکرا و دەنگی ''نا''یان بەو ڕێژمەوە وت.

''ئیبراهیم ڕەئیسی'' یەكێک لە كەسە نزیكەكان لە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و خامنەیی چەندین جار لە پۆستی هەستیاردا دایناوە و یەکێک لە چوار ئەندامی کۆمیتەی ناسراو بە ''هیئەتی مەرگ'' لە ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بووە کە زۆرینەی خەڵک لەسەر ئاو باوەڕەن کە لەلایەن خامنەییەوە بۆ ئەم پۆستە دەسنیشان کراوە.