کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتالیا گەشتە ئاسمانییەکانی"ماهان ئەیر"ی ئێرانی ڕاگرت

11:41 - 11 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای "ماهان ئەیر" لە لایەن زۆربەی وڵاتەکانەوە ڕاگیراون و ئەو وڵاتانە هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕاگرتنەیان بۆ پشتیوانیی "ماهان ئەیر" لە چالاکییە تێرۆرستییەکانی ڕێژیمی ئێران گەڕاندووەتەوە.

ڕۆژنامەی "لا ئێستامپا"ی ئیتالیایی ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتە، گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەکانی کۆمپانیای ماهان ئەیری بۆ ئیتالیا، ڕاگرتووە.

ئەم ڕۆژنامە ئیتالیاییە لەمبارەوە نووسیویەتی کە لە سەفەری ئەم دواییانەی "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئامریکا بۆ ئەم وڵاتە، یەکێک لە سەرەکیترین پرسەکان کە باسی لێکراوە، باسی ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانیی ماهان ئەیر بووە و پۆمپێئۆ داوای لە وڵاتی ئیتالیا کردووە کە پێش بە گەشتەکانی ماهان ئەیر بگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەو دیدارەدا، بە ڕاشکاوی باسی لە ڕۆڵی ماهان ئەیر لە پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران کردووە.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردووشدا ئاژانسی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زاری چەند دیپلۆماتکاری ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاندبوو کە ئەو وڵاتە داوای ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای ماهان ئەیری ئێرانی کردووە.

بەرپرسانی وڵاتی فەرانسەش، ئەم کۆمپانیایەیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە کەرەستەی جەنگی و کادری سەربازی بۆ سووریە و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گواستووەتەوە.

زانیارییە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم بڕیارەی وڵاتی فەرانسەش، لەژێر کاریگەری و گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا بووە.

پاش وڵاتانی فەرانسە و ئاڵمان، ئیتالیا سێهەمین وڵاتە کە گەشتە ئاسمانییەکانی ماهان ئەیر ڕادەگرێت.