کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتلاعات لە ورمێ ١٥ بنکەی چاوەدێریی بۆ سەر ئینتێرنێت دامەزراندووە

12:10 - 27 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای ورمێدا، ١٥ بنکەی سیخوڕی بۆ سەر ئینتێرنێت دامەزراندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵی خەڵک و سیخوڕیکردن بەسەر خەڵکدا ١٥ ناوەندی تایبەتی لە شوێنە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی خۆیدا لە چەندین شاری پارێزگای ورمێ دامەزراندووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کرد، ئەو بنکانە لە لایەن ئیتلاعاتەوە دامەزراون، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە ئەپەکانی وەک تێلگرام و فەیسبووک کونتڕۆڵ بکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ لە شارەکانی سەڵماس، سەردەشت، پۆلدەشت، سایین قەڵا، تیکاب، چایپارە، شنۆ، ماکۆ، نەغەدە، چاڵدوران و پیرانشاردا ئەو ناوەندە سیخوڕییانەی داناوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم کارەی ئیتلاعات، خێرایی ئینترنێت لە شارەکانی کوردستان زۆر دابەزیوە و فیلتێرشکەنەکانیش بە سەختی کار دەکەن.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگای جۆراوجۆرە هەوڵی داوە کە سیخوڕی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بکات.

هەر لەم پێوەندییەدا، کۆمپانیای گووگڵ بە فەرمی ڕایگەیاند، بۆ پشتیوانی لە ئەمنییەتی بەکارهێنەرەکانی دنیای مەجازی چەند ئەپی لە ئەندرۆید سڕیوەتەوە.