کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر پیشانگایەکی وێنە لە بۆکاندا

13:43 - 15 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ئیتلاعات و سپای پاسدارانی ڕێژیم، بە مەبەستی پێشگرتن بە هونەرمەندان لە کوردستاندا، هێرشی کردە سەر پیشانگایەکی وێنە لە شاری بۆکاندا.

لەم پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێکەوتی ٨ تا ١١ی خاکەلێوە، پیشانگایەکی شێوەکاری کە پێک هاتبوو لە: وێنە، شێوەکاری، تەڕاحی، پەیکەرسازی و... کە هاوکات بوو لەگەڵ دەسپێکی یەکەم گالێری ئەهلی و سەربەخۆی بۆکان، بەناوی "گالێری ئاڵ"، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات و سپای پاسدارانی رێژیمەوە هێرشی کرایە سەری.

لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەو پیشانگایە، سپای پاسداران و ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری بۆکان، هەوڵی ئەوەیان دابوو، کە ئەو پیشانگایە بەڕێوە نەچێت و ڕێگرییان کردبوو، بەڵام بەڕێوەبەرانی پیشانگاکە بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی سپای ڕێژیم درێژەیان بە کارەکانی خۆیان دا و هەوڵەکانی سپا و ئیتلاعاتیان بێئاکام هێشتەوە.

ئەو پیشانگایە، کە بە بەشداریی ١٢ هونەرمەندی شاری بۆکان کرابووەوە، ئەزموونی چەندین ساڵەی هەرکام لەو هونەرمەندانە بوو، کە بووە مایەی ڕاکێشانی سەرنجی هۆگران و هونەردۆستانی ئەو شارە و هەروەها میوانانی نەورۆزی.

پیشانگاکە سەرەتا بە مۆسیقایەکی زیندوو لە لایەن هونەرمەندانی لاوی بۆکانەوە و پێشکەشکردنی چەند وتەیەک لە لایەن مامۆستا "موستەفا شێرزاد" و هونەرمەندان، "پەشێو نادری" و "ڕێبین حەیدەریـ"ـیەوە دەستی پێ کرد.

هونەرمەندانی بەشدار لەو پیشانگایە بریتی بوون لە:

 مامۆستا مستەفا شێرزاد، محەممەد ڕۆستەمزادە"نامۆ"، ڕێبین حەیدەری، پەشێو نادری، هێمن قارەمانی، سەعید حەسەنزادە، کاوە شێخی، ئەرسەلان ڕۆستەمزادە، سەلمان بەهرامنژاد، چیمەن عەزیزی، ناسر ئەحمەدزادە و بێهزاد موهاجر.