کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنه بە ناوی خوێندکارانەوە پەیام بڵاو دەکاتەوە

16:22 - 26 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە دوای دەسبەسەرکرانی سێ خوێندکاری کورد لە زانکۆی کوردستان، لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دوو کەس لەو خوێندکارانە، پەیام و داواکاری بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سنه، لە پەیجی خوێندکارانی دەسبەسەرکراوەوە بڵاوی کردووەتەوە کە "ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ناچێت".

ئەو پەیامە لە کاتێکدا لە پەیجی ئەو خوێندکارانەوە بڵاو کراوەتە کە ئەو سێ خوێندکارە هەتا ئێستاش دەسبەسەر کراون.

 لە دوای دەسبەسەرکرانی ئەو سێ خوێندکارە مۆبایلی ئەو سێ کەسە کەوتووەتە دەستی ئیتلاعات و هێزەکانی ئیتلاعاتیش بۆ سیخوڕی بەسەر خوێندکاراندا بە ناوی ئەو سێ خوێندکارەوە پەیام بڵاو دەکەنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ۲٥ی بەفرانبار، سێ خوێندکاری کورد بە ناوەکانی "موسلێم سلێمانی"، "زانیار ئەحمەدپوور" و "ئەرشەد ئەتابەک"، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی زانکۆی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، دەسبەسەر کران.

ئەو سێ خوێندکارە هەتا ئێستاش دەسبەسەر کراون و ئازاد نین.