کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئیختلاس" پاژێکی دانەبڕاوی ژیان لە سێبەری کۆماری ئیسلامیدا

17:43 - 15 رەزبەر 2721

شەماڵ تەرغیبی

ئابووریی ڕانتی و پڕاوپڕ لە گەندەڵیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکی دوورودرێژە کە نەک بووەتە جێگەی باسوخواستی کارناسان بەڵکوو لەوەش زیادتر بووەتە مایەی گەپجاڕی کۆڕ و کۆبوونەوە بچووکە خەڵکییەکان و کەم وا هەیە کە پۆلێک هاوڕێ یان ئەندامانی خێزانێک بە دەوری یەکترەوە کۆ نەبنەوە و باسێک لەم دۆخە بێوازەی کۆمەڵگاکەیان نەکەن!

ڕۆژێک باسی گرانی، ڕۆژێک باس لە هەڵاوسان، ڕۆژێکی تر ئاشکرابوونی گەندەڵییەکی ماڵی، ئەم ڕۆژەکەی تر ناوهێنانی فڵانە بەڕێوەبەری تاڵانکەر کە پاش دزینی ماڵی خەڵک و ئەنجامدانی ئیختلاسێکی میلیاردی یان خۆی بێسەروشوێن کردووە و لەناکاو لە وڵاتێکی ڕۆژاوایی سەرهەڵدەبڕێ یان بە هەر هۆیەکی نادیار دەگیرێ و پەروەندەی دەخرێتە بەردەم بەناو هێزی دادوەری؛ بەهەرحاڵ ئەوەیکە لەم نێوانەدا گرینگە بوونی سیستماتیکی ئەم جۆرە گەندەڵییانەیە کە وەک دەڵێن تا سەر ئێسقانی ڕێژیمی داڕزاندووە و ڕێژیمیش لەبەرامبەریدا دۆش داماوە.

هەواڵدەرییە حکومەتییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لەسەر زاری پاسدار محەممەدڕەزا موقیمی سەرۆکی پۆلیسی بەناو ئەمنیەتی ئابووریی هێزی ئینتزامییەوە بڵاویان کردەوە کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ڕێژەی پارەیەک کە ئیختلاس کراوە بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی پێشوو ٣٣٣٪ زیادی کردووە. بەوتەی ناوبراو ٦١٪ پەروەندەکانی ئیختلاس زیادیان کردووە و ٩٤٪یش ڕێژەی تۆمەتباران و بکەرانی ئیختلاس هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.

دیارە ناوبراو باسی لە ڕێژە و ژمارەی وردی ئەم ئیختلاسانە و شوێنی ئیختلاسەکان نەکردووە بەڵام سەرنجدانێکی کورتی ئەم هەواڵەش بەسە بۆ ئەوەیکە بزانین دۆخی ئابووریی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی جەماران چەندە وێران و قەیراناوییە!

ڕەنگە باسکردن لە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و زیادبوونی ئەم دیاردە لە نێو سیستمێکی وەک کۆماری ئیسلامی کارێکی زۆر گران و ئەستەم نەبێت و بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە ڕەوتی مێژوویی ئەم کردارە ناپەسەندە و دەسنیشان کردن و باسکردن لە بکەرانی ئەو ئیختلاسانە یارمەتیدەر بێت بۆ دەرخستنی کەتوارە پێوەندیدارەکانی؛ بۆیە هەوڵ دەدرێ لێرەدا بە هێنانەوەی چەند نموونەیەک، شەنوکەوی دیاردەی ئاماژەبۆکراو بکرێت:

کۆی ئیختلاسە ئاشکرابووەکان لە ماوەی دەیەی ٩٠ی هەتاوی نیزیک بە ٨٠ هەزار میلیارد تمەن بووە کە لەلایەن کەسانی دەوڵەتی، نیزیک لە دەوڵەت، فەرماندە پلەباڵاکانی سپای پاسداران و کەسانی نیزیک لەوان کە سەرقاڵی کاری بازرگانی بوون ئەنجام دراوە. لێرەدا پێویستە بەشێک لە ئیختلاسە ئەنجامدراوەکان وەبیر خوێنەری ئەم بابەتە بهێنینەوە کە بەپێی ڕێکەوت بەم چەشنە بوون:

  1. ئیختلاسی ١٢٣ میلیارد تمەنی لە ساڵی ١٣٧٤ کە لەلایەن فازڵ خوداداد و مورتزا ڕەفیق‌دووستەوە لە بانکی سادرات ئەنجام درا.
  2. ئیختلاسی ٤ میلیارد تمەنی شەهرام جەزایری لە ساڵی ١٣٨١ کە بریتی بوو لە بەرتیل، گەندەڵی ماڵی و ساختەکاری.
  3. ئیختلاسی ٣ هەزار میلیارد تمەنی لە ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن مەهافەرید ئەمیرخوسرەوی و مەحمودڕەزا خاوەری کە لە بانکەکانی میللی، سامان، سپە، سەنعەت و پارسیان، سادرات و ئاریا ئەنجام درا.
  4. ئیختلاسی ٣٢٥٠ میلیاردی سەعید مورتەزەوی و بابەک زەنجانی لە بیمەی تەئمین ئیجتماعی.
  5. ئیختلاس لە بیمەی ئێران کە لە ساڵی ١٣٩٢ ئەنجام درا بەڵام هیچ کات ڕێژەکەی و کەسانی ئەنجامدەر ناویان نەدرکا بەڵام ناوی جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئەوکات بڵاو کرایەوە.
  6. ئیختلاسی ١٨هەزار میلیاردی بابەک زەنجانی لە بەفرانباری ٩٢ لە سەنعەتی نەوتدا.
  7. ئیختلاسی ٨٠٠٠ میلیاردی لە بونیادی بەناو شەهید لە هەمان ساڵ کە بکەرانی دەرنەکەوتن!
  8. ونبوونی شەوانەی دەکەڵە نەوتییەکان لە ساڵی ٩٤ کە بڕەکەی ٥٢٠ میلیارد مەزندە کرا و کەس بە تۆمەتباریش نەناسێندرا!
  9. گەندەڵی ٨ هەزار میلیاردی لە ڕەزبەری ٩٥ لە سندوقی پاشەکەوتی فەرهەنگیان کە بکەرەکەی بە نادیاری مایەوە!
  10. موچە نجومییەکان لە ساڵی ٩٥ کە بڕەکەی ٢٣ میلیارد مەزندە کرا.
  11. هەمان ساڵ بڕی ٢٢٠٠ میلیارد مڵکی نجومی لە شارەداری تاران.
  12. بڕی ١٠٠ میلیارد ئیختلاس لە وەزارەتی نەوت لە ساڵی ٩٦.
  13. ڕێژەیەکی نادیار ئیختلاس لە ساڵی ٩٦ لە شارەداری تاران.
  14. گەندەڵی لە قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپا لە ساڵی ٩٤ کە بڕەکەی ٨٠٠ میلیارد بوو و دواتر عەدڵ هاشمی و محەممەد ڕۆستەمی‌سەفا بە تاوانبار ناسێندران.
  15. گەندەڵی ١٠٠هەزار میلیارد تمەنی لە پێترۆشیمی لە ساڵی ٩٧ کە بەشێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای سەرمایەدانانی پێترۆشیمی تێوە گلابوون.
  16. ئیختلاسی ٤ هەزار میلیارد تمەنی عەباس ئیروانی لە ساڵی ٩٨.

و.....

وەک لە ئاماری هێمابۆکراودا هاتووە بەشێک لەو ئیختلاسانەی کە کراون ڕوون نەبووە کە کێ کردوویەتی یان لانیکەم هیچ نیهادێکی حکومەتی ئامادە نەبووە کە ناوی ئەو کەسانە بدرکێنێ! بۆچی؟ یەکەم دەرهاویشتەی مێشک لەم کاتەدا ئەوەیە کە ئەو کەس یان کەسانە زۆر نیزیک لە دەسەڵات بوون یان بەشێکی جیانەکراوە لە دەسەڵات بوون و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناویان، بێ‌ئابڕوویی و گەندەڵبوونی دەسەڵات زیاتر لەوەیکە بە با چووە لە کیسیان دەچوو. بەڵام ئەو بەشەی کە ناویان درکاوە و حوکم دراون جا چ حوکمی ئێعدام بووبێ یان زیندانی درێژماوە لەڕاستیدا چەند مۆرەیەکی سووتاوی نێو دەسەڵات یان نیزیک لە دەسەڵات بوون و دەکرێ وەک لقوپۆی داری زەلامی گەندەڵی سەیریان بکرێ و لەڕاستیدا ڕەگوڕیشەی سەرەکی ئەم دیاردە شوێنێکی تر و کەسانێکی ترن کە باسکردن لێیان دەبێتە تاوانی مەزن و بڤەیەک کە قەرەبوو ناکرێت.

بەکورتی ئەوەیکە لە ئێراندا لەژێر ناوی ئیختلاس لە ئاستی بەرزدا ڕوو دەدات، خۆبەخۆ کاریگەری لەسەر بەشە خوارینەکانی کۆمەڵگاش دادەنێت و بەرەبەرە وبە تێپەڕینی کات دەبێتە بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. بەو واتایە کە ئێپیدێمییەک هەموو جمگەکانی کۆمەڵگا دەتەنێت و نەتەنیا پرسێک بەناوی ئەخلاق کەم‌بەها دەبێت بەڵکوو شوێندانەری لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتەش دادەنێ.

لە کۆتاییدا نموونەی گەندەڵییەکی گەورەی ئیداری و ماڵی لە وڵاتێکی وەک فەنلاند دەهێنینەوە کە پلەی سێهەمی لە ئاستی جیهاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵی هەیە تاکوو بزانین ئەم دیاردە تەنیا لە ئێراندا بوونی نییە و لە هەموو دنیادا باوە؛بەڵام وەک دەڵێن ئەم لە کوێ و ئەو لە کوێ!

 دوو ساڵ لەمەوپێش وەزیری لەشساخی فەنلاند بەهۆی ئاشکرابوونی گەندەڵییەک کە کردبووی لەژێر گوشاری ڕای گشتی ئەم وڵاتە ناچار بوو هەم لە میدیای دەوڵەتیدا داوای لێبوردن بکات، هەم وازهێنانی خۆی لە پۆستەکەی ڕابگەیەنێت، هەمیش ئەو بڕە پارەیە کە کەڵکاوەژووی لێوەرگرتبوو بداتەوە بە دەوڵەت؛ ئەو گەندەڵییەی کە بە گەورەترین گەندەڵی لە فەنلاند ناوی دەرکرد بریتی بوو لەوەیکە ناوبراو بە تێچووی دەوڵەتەوە ٣ جار لەگەڵ هاوژینەکەی پێوەندی تێلێفۆنی هەبوو!!!!!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.