کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئاوی ڕێژیمی ئێران لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ خەریکی ئەژماردنی چاڵاوەکانە

11:37 - 13 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئاوی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی ئەژماردنی چاڵاوەکان لە مەزرا کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ورمێ، مەئموورەکانی بۆ نێو مەزراکان وەڕێ خستووە. مەئموورەکان بۆ دیاریکردنی شوێنی چاڵاوەکان، بە دەزگای جی‌پی‌ئس و ناونووسیی خاوەن زەوییەکان، بە مووچە و مەزراکاندا دەگەڕێن.

ڕێژیم هەر چەند ساڵ جارێک ئامارگیریی چاڵاوەکان دەکات و یەکێک لە هۆکارەکانی وشکبوونی گۆلی ورمێ دەگەڕێنێتەوە بۆ هەڵکەندن و لێدانی چاڵاوی نایاسایی لە مووچە و مەزراکاندا. هەر بەو هۆکارەش تاکوو ئێستا چەندین چاڵاوی لە شوێنە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکانی ئەو پارێزگایەدا، بە حوکمی دادوەر پڕ کردووەتەوە. 

نابەرپرسایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیم لە هەمبەر ژیانی خەڵکی ئێران و کوردستان، داوێنی وەرزێڕانی لە هەموو بوارەکاندا گرتووەتەوە و لێدانی بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی گۆلی ورمێ، ئەم گۆلەی بەرەو وشکبوون بردووە.

سیاسەتی هەڵەی ڕێژیم، گرانکردنی ئاوی خواردنەوە و ئاوی کشتوکاڵ، بەفیڕۆدانی ئاوی کشتوکاڵ لە پێناو بەرژەوەندیخوازیی کارمەندانی ئیدارەی ئاو، فرۆشتنی ئاو و  درەنگ و بێوەخت  بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان بۆ بووژانەوەی مەزرا کشتوکاڵییەکان، وەرزێڕانی وەزاڵە هێناوە و تەنگی پێ هەڵچنیون.

دوابەدوای ئەم کارە هەڵانەی ڕێژیمەوە، خەڵک پەنای بۆ هەڵکەندنی چاڵاو بردووە، تاکوو بتوانن بەرهەمەکانیان لە وشکبوون بپارێزن و ژیانی خۆیانی پێ هەڵسووڕێنن، بەڵام دوای دەرچوون لە سەرما و تەرزە و بەڵڵا سروشتییەکان، دەبێت لەگەڵ تەنگوچەڵەمەکانی ڕێژیم وەک گرانکردنی تێچووەکانی کشتوکاڵ، مەندیی بازاڕ و هەرزانیی بەرهەمەکانیان، بەربەرەکانێ بکەن.