کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی تەعزیرات، قاچاخی دەکات

11:36 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئیدارەی تەعزیراتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، به هاوکاریی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، قاچاخی دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی تەعزیراتی ڕێژیمی ئێران، لقی بەدواداچوون بە بەشی قاچاخی کاڵا و دراو، بە سەرۆکایەتیی "ڕوحوڵڵا شەکەربەیگی" و بە هاوکاریی هێزە نیزامییەکانی ئەو ڕێژیمە، قاچاخی دەکات.

بەپێی ئەو هەواڵەی کە به ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ئەو ئیدارەیەی ڕێژیمی ئێران کە لەژێر چاودێریی وەزارەتی دادگوستەری کار دەکات، لە ڕێگای سیخوڕەکانیەوە، ڕاپۆرت لە کاسبکاران دەدەن و دواتر ئەو کاڵایەی کە لە لایەن هێزه نیزامییەکانی ڕێژیمەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، به بەرتیل بە خەڵک دەفرۆشرێتەوە.

جیا لە ئیدارەی تەعزیرات، خودی بنکە و ناوەندەکانی دیکەی ڕێژیمی ئێران لە هاوردەکردنی کاڵای قاچاخ بۆ ئێران دەستێکی ئاوەڵایان هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە لە گومرۆکەکانی ئێراندا، قاچاخی ئەنجام دەدرێت و هیچ لایەنێکیش وڵامدەر نییە.

ڕێکخراوی تەعزیراتی ڕێژیمی ئێران، ڕێکخراوێکە کە ئەرک و کارەکانی خۆی لەسەر بنەمای خزمەت بە خەڵک دیاری کردووە و پێشگرتن به گرانفرۆشی و دابینکردنی عەداڵەتی، وەک بنەمای سەرەکیی کاری ئەو ڕێکخراوەیە دیاری کردووە، بەڵام ئەو ڕێکخراوەیەی ڕێژیمی ئێران، یەکێک لە ڕێکخراوە گەندەڵەکانی ئەو ڕێژیمەیە کە دەستی لە گەندەڵیی ئابووریدا هەیە.