کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی پۆستی سەقز کاڵا پێسپێردراوەکان بە دەستی خەڵکی ئەم شارە ناگەیەنێت

12:09 - 18 رەشەمه 2720

ماوەی چەندین ساڵە ئیدارەی پۆستی سەقز کاڵاکانی خەڵکی ئەم شارە بە ناونیشانی سەر بەستە پۆستییەکان ناگەیەنێتە دەستی خەڵک، بۆیە زۆربەی خەڵکی سقز ناچارن لە کاتێکی دیاریکراودا خۆیان بچنە ئیدارەی پۆستی سەقز و کاڵاکانیان وەربگرن .

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەم ئیدارەیەی ڕێژیم کرێی تەواوی ئەو کاڵایانە لە خەڵک وەردەگرێت و ئەرکدارە کە ئەو کاڵایانە بە ناونیشانی کۆدی پۆستیی کاڵاکان ڕادەستی وەرگری کاڵاکە بکات.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کە بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا ڕێژەی ئاڵوگۆڕی کاڵاکان لە ڕێگای پۆستەوە زیادی کردووە، کەمترخەمی و نابەرپرسیاریەتیی ئیدارەی پۆستی سقز لە گەیاندنی شتومەکەکان، ناڕەزایەتیی خەڵکی سەقزی  لێکەوتووەتەوە.

فەرمانبەرێکی ئەم ئیدارەیەی ڕێژیم وتوویەتی: ''لە دەستپێکی نەخۆشیی کۆرۆنا بە دواوە و بۆ ئەوە کە بتوانین وڵامدەری خەڵک بین بڕیار درابوو کە لەگەڵ دوو ماشین پێنج کەسیش بە پێرسۆنێلی ئەم ئیدارەیە زیاد بکرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە بەرپرسانی سەرەوەتر بێ ئەوەی کە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن، بەم چەند کەسە و بەم کەرەستە خراپانەی ئێستا گوشاریان بۆ هێناین کە درێژە بە کارەکەمان بدەین''.

هەروەها ئەو فەرمانبەرە باسی لەوە کرد، دیارە بەرپرسانی سەرەوەتر ئەو بودجەیانە بۆ خۆیان دزیوە و ئێمەش ناتوانین بە تەواوی وڵامدەری کاروباری خەڵک بین .

دزی و ئێختلاس و کەمکاری و خۆدزینەوە لە کار هەموو ناوەند و ئیدارەکانی ڕێژیمی ئێرانی گرتووەتەوە، ئەمە بۆ چەندین جارە ئەم بابەتە تەنانەت لە کاناڵ و میدیا ناوخۆییەکانی سەر بە ڕێژیم باسی لێوە کراوە بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەس یان لایەنێک ئەم کێشەیەی چارەسەر نەکردووە .