کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم گوشاری بۆ بنەماڵەی قوتابییان هێناوە

13:04 - 24 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی قوتابییان و دەڵێن، قوتابییان بۆ یارمەتیدان بە قوتابخانەکان، پارەی زۆر بهێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد، داوای لە بنەماڵەی قوتابییان کردووە کە دەبێ یارمەتیی ئەم ئیدارەیە بدەن. هەروەها بۆ باشتر بارهێنانی قوتابییان، بنەماڵەکان نابێ پارەی کەم بنێرن.

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لەسەر بەرگەی یارمەتییەکە نووسیویانە: "لەگەڵ کرانەوەی هەر قوتابخانەیەک، دەرگای زیندانێک دادەخرێت"، ئەمە لە حاڵێکدایە کە قوتابخانەکانیان کردووەتە زیندانێک بۆ ئەشکەنجەی دەروونیی قوتابییان و بنەماڵەکانیان و ئەوەش گەورەترین هۆکاری وازهێنانی منداڵانە لە خوێندن.

بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی بەڕێوەبەریی شیاو لە ئێران، گەندەڵی و دزی و داڕمانی ئابووری، بەناو بەرپرسانی ڕێژیم کەوتوونەتە سواڵکردن و دزیکردن و هەر کەسە و لە فیکری گیرفانی خۆیدایە و ژیانی خەڵکیان بۆ گرینگ نییە.

 ساڵانە چەندین جار، بەرگەی یارمەتی بۆ بنەماڵەی قوتابییان دەنێرن و داوای یارمەتییان لێ دەکەن.