کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی پەروەردەی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ هەوڵ دەدات کوردەکان نەخوێندەوار بمێننەوە

12:14 - 14 جۆزەردان 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، ساڵانێکی زۆرە کار لەسەر نەخوێندەوارکردنی کوردەکان دەکات.

سەرچاوەیەک باسی لەوە کردووە: ''بەداخەوە لە ئێستادا بە ئاشکرایی لە زۆربەی قوتابخانەکانی ورمێ مامۆستای تورک وانە بە کوردەکان دەڵێن و بە ئاشکرایی بە قوتابییانی کورد دەڵێن بۆ چی دەرس دەخوێنن، بڕۆن ببن بە قاچاخچی، ڕۆژێک بە درێژایی ساڵێکی کارمەندێک پارە پەیدا دەکەن".

ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە قوتابییان هەر لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیدا واز لە خویندن بێنن و ڕوو لە کاری قاچاخچییەتی بکەن.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە وتی، ئەو پیلانە لە شارەکانی پیرانشار و شنۆش بەڕێوە دەچێت و زۆرینەی مامۆستاکانی تورکی شاری نەغەدەن و بە ئاشکرایی و بەتایبەتی بە کچەکان دەڵێن بۆ چی دەرس دەخوێنن، بچن مێرد بکەن باشترە.

هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئێران، هەوڵێکی زۆر بۆ نەخویندەوارهێشتنەوەی کوردەکان دراوە، دابین نەکردنی فەزای خوێندن، نەبوونی خزمەتگوزای بۆ قوتابخانەکان، نەبوونی مامۆستا و هاندانی قوتابییان بۆ وازهێنان لە خویندن و چەندین هۆکاری دیکە سەلمێنەری ئەو سیاسەتەی ڕێژیمن.