کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعات بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەڕەشە لە پزیشکەکان دەکات

17:29 - 19 رەشەمه 2719

کۆرۆنا بەردەوام تەشەنە دەستێنێت و لە ئێستادا لە چەندین شاری دیکەی کوردستان ڕێژیمی ئێران بە فەرمی بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجامی تاقیکاری لە هاووڵاتییانی جێگای گومان دەریخستووە کە تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونه.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە شاری پاوە بە فەرمی حاڵەتی تووشبووان بە کۆرۆنا پشتڕاست کراوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان لە شنۆ ژنە هاووڵاتییەک کە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ هاوڕێی منداڵەکەی بووە، تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووە.

ئەم سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، ئەو ژنە کە تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە.

بەپێی زانیارییەکان پێرسۆنێلەکانی نەخۆشخانەی شنۆ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێ ئەم هەواڵە بڵاو بکرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا نەخۆشخانەی شنۆ ئالوودە بە ڤایرۆسی کۆرۆنایە و ڕۆیشتن بۆ ئەم شوێنە مەترسییە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان.