کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دە هاووڵاتیی لە شاری گوێکتەپە بانگهێشت کرد

12:13 - 26 بانەمەڕ 2722

لە دوای هەڵوێستی خەڵکی شاری گوێکتەپە لە بەرامبەر گەڵاڵەکانی سپای پاسداران و ''جەلال مەحموودزادە'' بەناو نوێنەری مەهاباد و دارودەستەکەی لەمەڕ لێدانی بیری ئاو لە لەوەڕگەی ئەم شارە بۆ بەرژەوەندیی ئەم باندە لە مەهاباد، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ۱۰ هاووڵاتیی ئەم شارەی بانگهێشت کرد.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای بێڕێزی، سووکایەتی و قسەی ناحەز، بە توندی پێیانی وتوون کە ناتوانن هیچ کارێک بکەن و ڕێژیم و دارودەستەی سپا ئەم بیرە لێ دەدەن و هیچ وڵامێک بە ئاژەڵداران و وەرزێڕان نادرێتەوە.

''عەلی بیژەن فەر'' بەخشداری ناوندیی مەهابادیش وێڕای بێڕێزی بە وەرزێڕان، ئەم چین و توێژە زەحمەتکێشەی وەکوو نەخوێندەوار و هیچ نەزان ناو لێ بردووە و وتوویەتی: "بە زووترین کات ئەم بیرە لێ دەدەین و خەڵک ناتوانن پێشمان پێ بگرن" .

بێڕێزیی دارودەستەی سپای پاسداران و بە تایبەتی نوێنەری ڕێژیم بە خەڵکی ئەم شارە بووەتە هۆی قین و دژایەتیی خەڵک.

خەڵکی شاری گوێکتەپەی مەهاباد پێشتر ڕایانگەیاندبوو، بە توندی دژی هەڵوێستەکانی ''جەلال مەحموودزادە'' و بەخشداری ناوەندی و شوراکانی سەر بە ڕێژیم و سپای پاسداران دەبنەوە و ناهێڵن سەروەت و سامانی داهاتووی خەڵک بە تاڵان ببرێت.