کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری "سنە" گوشارەکانی بۆسەر خەڵک زیاتر کردووە

17:39 - 28 خەزەڵوەر 2720

لە ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە شاری "سنە" دەستیان داوەتە هەڕەشەکردن و لێپرسینەوە لە خەڵکی ئەو شارە و فەزایەکی تەواو ئەمنییەتییان بەسەر شاردا زاڵ کردووە.

لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا چەند کەسێکی چالاک و ناسراوی خەڵکی "سنە" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگهێشت کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە.

لە ماوەی حەوتووی ڕابرادوووە هەتا ئێستا هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکەی ڕێژیم لەنێو شاردا جموجۆڵی بەربڵاویان هەبووە و بەسەر کەسانی دیار و چالاکانی ئەو شارەدا چاوەدێری چڕوپڕیان دەست پێ کردووە.

مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ دوای گرانکردنی نرخی بێنزین، خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیم هاتنە سەر شەقام و دەستیان بە خۆپیشاندانی بەربڵاو کرد کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کران.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بەنیسبەت ئاماری کوژراوانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ئاماژەی بە کوژرانی ١٥٠٠ خۆپیشاندەر بریندار و دەسبەسەرکرانی سەدان کەس کردبوو.