کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم پیلانگێڕی دژی کرێکارانی کورد دەکات

16:29 - 12 خەزەڵوەر 2720

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە پیلانگێڕییەکی دیکەدا بەڕێوەبەری شیرکەتی لاستیکسازیی "بارێز پەلاستیک" کە کورد بووە لەسەر کارەی وەلایان ناوە و کەسێکی غەیرە کوردیان لە جیگەی داناوە و بەرەبەرە خەریکن کرێکارانی شارەکانی دیکەی ئێران بخەنە جێگای کرێکارانی کورد لەو شیرکەتە.

بەپێی زانیارییەکان لە شیرکەتی "بارێز پەلاستیکـ"ـی کوردستان کە نزیک بە ٧٠٠ کرێکار کاری تێدا دەکەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم کرێکاری لە "ڕووبات کەریمـ"ـەوە هێناوە دەیهەوێت بەدەرکردنی کرێکارانی کورد ئەو کرێکارانە لەوێ دابمەرزێنێت.

بەڕێوەبەری پێشووی شیرکەتی "بارێز پلاستیک" کەسێکی کورد بوو بە ناوی "پەرویز ئەرخەوان"، کە بە قسەی کرێکارانی ئەو شیرکەتە کەسێکی بەتوانا و دڵسۆز بووە بەڵام دواتر ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم ناوبراوی دەرکردووە و کەسێکی غەیرە کوردیان بە ناوی "عەلی موشەڕەفیـ"ـیان لە جیگەی ئەودا داناوە.

کەسێکی نزیک لە بەڕێوەری نوێی ئەو شیرکەتە بەناوی "مازیار ڕەوغەنی" خەڵکی "ڕووبات کەریم" بە دزیکردنی میلیاردی هەڵهاتووە بۆ وڵاتی بریتانیا.

لە دوای هاتنی  ئەو بەڕێوەبەرە غەیرە کوردە گەندەڵی و دزیکردن لەو شیرکەتە بەڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و چەندین کرێکاری کوردیش لەسەر کارەکانیان وەلا نراون.