کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان بانگهێشت دەکات

12:44 - 28 بانەمەڕ 2720

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی بنکە و ناوەندە ئەمنییەتیەکانییەوە گوشاری خستوەتە سەر بنەماڵەی پێشمەرگەگانی کوردستان و داوایان کردووە کە دەبێت زانیاریی تایبەت بە کوڕ و کچە پێشمەرگەکانیان هەروەها خزم و کەسوکاریان بدەنە ئیدارەی ئیتلاعات. 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ''مەریوان'' بنەماڵەی پێشمەرگەکانی بانگهێشت کردووە و بە هەڕەشە و ترساندن، زانیاری تایبەتی خزم و کەسوکار، ئاشنا، دراوسێ و ژمارەی تەلەفوونی لێوەرگرتوون.

هەروەها ڕێژیم داوای لەو بنەماڵانە کردووە کە دەبێت کچ و کوڕەکانتان بهێنەوە و تەسلیمی ڕێژیمی ئێرانیان بکەنەوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بنەماڵەی پێشمەرگەکانی بانگهێشت کردووە و وێڕای ژمارە موبایل و زانیاریی تایبەتی پێشمەرگەکان، داواشیان کردە بە بیانووی سەردانی کچ و کوڕەکانیان دەبێت سیخوڕی بۆ ڕێژیم بکەن.

یەکێک لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گوشار خستنەسەر بنەماڵەی پێشمەرگەیە و بانگهێشتی پەیتاپەیتایان ئامانجی شەڕی ڕەوانیان هەیە.