کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدعای کاربەدەستانی ڕێژیم لەمەڕ ئازادیی ئایینەکان لە ئێراندا

18:14 - 6 بەفرانبار 2720

وتەبێژی ڕێژیمی ئێران لە سەردانی بۆ ماڵی بەساڵاچووان ئیدعای کردووە کە شوێنکەوتووانی هەموو ئایینەکان لە ئێران بە شێوەی بەرابەر دەژین و هیچ کەس لەبەر ئایینی خۆی ناچەوسێتەوە.

"عەلی ڕەبیعی" وتەبێژی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، لە شەقامی هەموو شارەکان مزگەوت و کەنیسە بوونی هەیە، ئەوەش نیشانەی ڕێزی نیزام بۆ ئایینەکانە.

ئیدعای ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە هەر لە کاتی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێرانەوە ساڵانە چەندین هاووڵاتی لە شوێنکەوتووانی ئایینە جیاوازەکان لە بەندیخانەکان ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن و لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن.

"سوونیـ"ـیەکانی ئێران کە موسڵمانیشن لەبارەی مافەوە بە کەمتر لە شیعەی دوازدە ئیمامی دێنە ئەژمار، هەروەها زۆرێک له خەڵکی ئێران لەبەر گۆڕینی ئایین زیندانی کراون.