کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدی کۆهن: تاوانی زارا وتنەوەی وانەی کوردییە، ڕزگاری بکەن

18:36 - 29 پووشپەڕ 2720

ڕۆژنامەنووس و وتەبێژی نافەرمیی ناوەندەکانی زانیاریی ئیسرائیل لە تویتێکدا پاڵپشتیی خۆی لە "زارا محەممەدی" دەربڕیوە و داوای ڕزگارکردنی ناوبراوی کردووە.

"ئیدی کۆهن" ڕۆژنامەنووس و وتەبێژی نافەرمیی ناوەندەکانی زانیاریی ئیسرائیل، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی کەسیی خۆیدا، بە دانانی وێنەی "ڕامین حوسێن پەناهی" زیندانیی ئیعدامکراو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و "زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردیی مەحکووم بە ١٠ ساڵ بەندکران، پشتیوانیی لە "زارا محەممەدی" کرد.

ناوبراو لە تویتەکەی خۆیدا نووسیویەتی: "کوردەکان لە ئێعدام ڕزگار بکەن، تەواوی تاوانی ئەوان ئەوەیە کە وانەی کوردییان دەرس داوەتەوە".

"زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی شاری سنە و ئەندام لە ئەنجومەنی کولتووری-کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بە تۆمەتی "پێکهینانی دەستە و گرووپ بۆ تێکدانی ئەمنییەتی میللی" بە ١٠ ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.

ناوبراو تا ئێستاش دانی بە هیچکام لەو تاوانە وەپاڵ دراوانەی دادگای ڕێژیمدا نەناوە و لە ماوەی ٦ مانگ دەسبەسەریدا لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چالاکانی مەدەنی و سیاسی و خەڵکی کوردستان بەگشتی لە چوار بەشی کوردستان، بە دانانی هەشتەگ و پۆست و نووسراوە پشتیوانییان لە "زارا محەممەدی" کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەیان کردووە.

"زارا محەممەدی" لە لایڤێکی ئینستاگرامیدا وەکوو خواست، داوای پێکهێنانی دادگاییەکی ئاشکرا و هەروەها ڕوونکاری و پێدانی بەڵگە لەسەر تاوانە وەپاڵ دراوەکانی کردووە.