کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیرادە، بەرانبەرەکانت ناچار بە بیستن و هەڵوێستگرتن دەکات

11:07 - 21 رەشەمه 2721

زاگرۆس

لەمەڕ هۆکارەکانی هاتنە ئارای شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین بەر لە ڕووداوەکە گەلێک بۆچوون و لێکدانەوەی جیاواز هاتوونەتە ئاراوە کە بە کورتی دەتوانین لەم چەند ڕوانینەی خوارەوەدا پۆلێنبەندییان بکەین:

یەکەم؛ دەسەڵاتی ڕووسیە بەو لێکدانەوە کە وەک دووەمین هێزی سەربازیی دونیا و بە پشتبەستن بە هێزەکەی و چەند بەرەکیی نێوان وڵاتانی ڕۆژاوا، بۆ پێشگرتن لە فراوانخوازیی ناتۆ بە هێرشێکی کورتماوە دەتوانێت دەست بەسەر ئۆکرایندا بگرێت و لەلایکەوە بەر بە پێشڕەویی ناتۆ دەگرێت و هاوکات هەنگاوێکی دیکە لە خولیای ئێمپراتۆرییەکەی نزیکتر دەبێتەوە ئەم شەڕەی هەڵگیرساند.

 پوتین و ڕاوێژکارانی وایان لێک دەدایەوە کە بە هۆکاری بەستراوەیی وزەی ئورووپا بە گازی شلی بەرهەمی ڕووسیە دەسەڵاتە ئورووپایەکان ناتوانن کاردانەوەیەکی جیددی بنوێنن و ئامریکاش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی و کاراکتری بێهەڵوێستی سەرکۆمارەکەی کاردانەوەیەکی بەرچاوی نابێت.

دووەم؛ هەندێک لە شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن کە شەڕی ئۆکراین داوی بەرەی ڕۆژاوایە بۆ هەرەسهێنانی دەسەڵاتی پوتین و مایەپوچکردنی ئابووریی ڕووسیە و دووپاتکردنەوەی ئەزموونی سۆڤیەت لە ئەفغانستان کە ئەم ڕوانینە زیاتر لەلایەن ئەو کەسانەوە دێتە ئاراوە کە دەیانهەوێت هۆکاری هەموو کەمکاری و بێ هەڵویستییەکانی دنیای ڕۆژاوا بە حێکمەتێکی شاراوەی  ئامریکاوە گرێ بدەنەوە، هەر وەک چۆن چۆڵکردنی ئەفغانستانیشیان لە ساڵی ٢٠٢١دا بە داوێک بۆ لەنێۆبردنی دەسەڵاتی چین ناو دەبرد.

هەندێک ساکار ڕوانینە کە پێمان وا بێت پوتین پاش نزیک بە چارەکەسەدەیەک دەسەڵاتداری و تا ڕادەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ وڵاتی ڕووسیە هێندە ساویلکە بێت بەو ساکارییە بکەوێتە داوێکی لەو چەشنە و ئەم بۆچوونە لە سەردەمی شەڕی سووریەشدا گەلێک جاران دەبیسترا کە دیتمان بە ڕاست دەرنەچوو لەو کاتیشدا.

سێهەم؛ ڕووسیە لە ناچاریدا دەستی بەو شەڕە کردووە و لە ڕاستیدا شەڕ بەسەر ڕووسیەدا سەپاوە‌، لایەنگرانی ئەم بۆچوونە باس لەوە دەکەن کە بەهۆی پێشڕەویی ناتۆ لە خۆرهەڵاتی  ئورووپا و وڵاتانی دراوسێی ڕووسیەدا دوو ئەگەر لە بەردەم ڕووسیەدا بوو:

ئەلف: یان ملدان بە سەروەریی ناتۆ لە دراوسێیەتیی خۆێدا و ئەو شوێنانەی کە وەک قووڵایی ئیستراتیژیکی خۆی چاوی لێ دەکردن.

ب: هێرشکردن و بەرگرتن بە ناتۆ و ناچارکردنی ڕۆژاواییەکان بە قەبووڵکردنی ڕووسیە وەک زلهێزێک کە پوتین دووەمین بژاردەی تاقی کردەوە.

هۆکاری هەڵگیرسانی ئەم شەڕە هەرچۆنێک لێک بدەینەوە، هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە فاکتۆری خۆڕاگریی گەلی ئۆکراین لەلایەن زۆربەی لێکۆڵەرانەوە وەک پێویست گرینگیی پێ نەدرابوو کە هەنووکە و پاش زیاتر لە دوو حەوتوو لە شەڕەکە بووەتە گرینگترین باسی ڕاگەیاندنەکان.

ماوەی چەند مانگ بەر لە هێرشی دەسەڵاتەکەی پوتین بۆ سەر ئۆکراین، زۆربەی سیستمە هەواڵگرییەکانی ڕۆژاوایی باسیان لە ئەگەری ئەم هێرشە دەکرد و لایەنی ڕووسی هەرچەند بەردەوام ئەگەری هێرشی بۆ سەر وڵاتی ئۆکراین ڕەت دەکردەوە لە هەمان کاتدا هۆکاری دۆخی ئاڵۆز و بارگرژیی نێوان ئەو دوو وڵاتەی دەگەڕاندەوە بۆ فراوانخوازیی ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژاوا کە بەپێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی پێشتر لەنێوان ئەوان و ڕووسیەدا سنوورەکانی خۆیان لە ڕۆژاوای ئورووپا پەرە پێ داوە و بوونەتە هۆکاری کەوتنە مەترسیی تەناهیی نیشتمانیی ڕووسیە، لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتەکانی بەرەی ڕۆژاوا بە سەرکردایەتیی ئامریکا هەرچەند لە هەڵوێستەکانیان لەهەمبەر ئەگەری ڕوودانی شەڕ بە تەواوی هاوڕا نەبوون، بەڵام هەوڵیان دەدا بە هەڕەشەی گەمارۆ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەرێکی کاتی بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوە و  وەک خاڵێکی هاوبەش کە هەموویان لەسەری کۆک بوون ئەوە بوو کە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕیشدا تەنیا کاردانەوەیان گەمارۆی ئابووری دەبێت و بە هیچ چەشنێک دەستێوردانی سەربازییان نابێت هەر بۆیە  کرامپ باوێر وەزیری پێشووی بەرگریی ئاڵمان لە یەکەمین ساتەکانی سەرەتای پاش ڕوودانی هێرشەکەی ڕووسیە لە برووسکەیەکی تویتێریدا نووسی: "لە کردەوەکانی خۆمان زۆر توڕەم چوون لە ڕوانگەی مێژووییەوە بێهێز و تێکشکاوین و ئاڵمان تەنانەت پاش چالاکیی ڕووسیە بۆ دەسبەسەرداگرتنی دوورگەی کەریمە هیچ پلانێکی ڕاستەقینەی لە پلانی خۆیدا نەگونجاند.

ڕاستی ئەوەیە پوتین و بەرەی دژی پوتینیش بەر لە هێرشەکە و لە ساتەکانی سەرەتای شەڕەکەیشدا چاوەڕوانی ئەوە بوون کە دەسەڵاتدارانی ئۆکراینی ئاوارەی وڵاتانی ڕۆژاوایی بن و ئەرتشەکەشی لە ماوەیەکی کەمدا خۆی بدات بە دەستەوە و پاشان هەر دوو لا لە ڕێڕەوی قازانجە ئابوورییەکانی خۆیاندا بڕیار لەسەر چارەنووسی خەڵکی ئۆکراین بدەن.

ترس لە شەڕ و ماڵوێرانی لە ئۆکراینیش وەک هەموو شوێنێکی دنیا بەرچاو دەکەوێت و وەک کۆمیساریای پلەبەرزی پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان"UNHCR"  ڕایگەیاند شەڕی ئۆکراین خێراترین بەرزبوونەوەی قەیرانی پەنابەری لە شەڕی جیهانیی دووەمەوە بووە تا هەنووکە و تا ئێستا یەک ملێون و نیو خەڵکی ئەو وڵاتە زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە بەڵام لە هەمان کاتدا بەهۆی ئەو ئیرادەش کە بەڕێوەبەرانی ئەم وڵاتە لە ماوەی شەڕدا پیشانیان داوە بە هەزاران کەس لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاونەتەوە بۆ بەرگری لە نیشتمانەکەیان و هێزێکی مەزنی بەرگری لە خەڵکی ئاسایی بۆ شەڕ لەگەڵ داگیرکەران پێک هاتووە، لەم پەیوەندییەدا تەنیا ئاماژە بە دوو نموونە لەو هەڵوێستانە دەکەین کە لە ڕاگەیاندنەکاندا دەنگدانەوەی بەرچاویان بوو و کاریگەریی مەزنیان لەسەر بەرزکردنەوەی ورەی خۆڕاگریی خەڵکی ئۆکراین کرد:

یەکەم؛ زلێنسکی لە پەیامێکدا بە خەڵکی وت: "ئێمە دەبێ شەڕ بکەین و لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەربگرین بۆ شەڕ لەگەڵ داگیرکەران و ڕاماڵینیان لە وڵاتەکەمان".

دووهەم؛ ویتالی کلیچکۆ شارەوانی کییەف پاڵەوانی بەناوبانگی یاریی بۆکس کە یەکێک لە ڕووخسارە بەناوبانگەکانی ئەم بەرخۆدانەیە دەڵێت: "هیچ چارەیەکی دیکەمان بێجگە لە ڕاوەستان لەهەمبەر داگیرکەردا نییە، ئێمە هەرکارێکمان لەدەست بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانمان دەیکەین و خۆمان نادەین بە دەستەوە".

بڵاوبوونەوەی هەڵوێستی لەم چەشنە و دیمەنەکانی بەرەنگاربوونەوەی خەڵک و هێزی سەربازیی ئۆکراین بوونەتە هۆی ئەوەی کە لە پێتەختی زۆربەی وڵاتانی دنیا کۆبونەوەی سەدان هەزار کەسی دژی شەڕ و پشتیوانی لە خەڵکی ئۆکراین بەڕێوە بچێت و بەپێی بەراوردی ڕاگەیاندنەکان هەر لە وڵاتی ڕووسیەدا تا هەنووکە زیاتر لە دە هەزار کەس بەهۆی خۆپیشاندانی دژە شەڕ دەسبەسەر کراون کە لە ئەگەری درێژەکێشانی بەرخۆدانەکە وەک مەترسییەک دەتوانێت بۆ سەر دەسەڵاتی پوتین لە ناوخۆدا چاوی لێ بکرێت، ئاکامی ئەم خۆڕاگری و قارەمانییە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە دەسەڵاتانی قازانجپەرستی ئورووپا و ئامریکاش ناچارن بۆ ڕازیکردنی شارۆمەندەکانیان چاوپۆشی لە دەیان میلیارد دۆلار قازانجی ئابووریی خۆیان بکەن و بەپێچەوانەی لێدوانەکانیش بەر لە شەڕەکە یارمەتیی سەربازیی خەڵکی ئۆکراین بکەن و پاش ماوەی زیاتر لە دوو حەوتوو لە شەڕەکە بە وتەی کاربەدەستێکی ئامریکایی هەنووکە ئۆکراین لە چواردە وڵاتەوە کەرەستەی سەربازیی وەرگرتووە و بە وتەی ئەم سەرچاوە کە لەگەڵ هەواڵنێری  "سی.ئێن.ئێن" قسەی کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ئەندامانی دیکەی ناتۆ حەڤدە هەزار مووشەکی دژە تانک,، دوو هەزار مووشەکی دژە فڕۆکەی ئەستینگریان بۆ ئۆکراین ناردووە.

ڕوونە کە هیچ هاوسەنگیی هێز لەنێوان هێرشبەر و بەرگریکەر لەم شەڕەدا بەدی ناکرێت، بەڵام بەپێچەوانەی لێکدانەوە باوەکانی سەردەمی نوێ کە هۆکاری گشت ڕووداوەکان دەگەڕێننەوە بۆ ڕێژەی هێز و هاوسەنگیی هێز ئەو کەتوارە سەلمێندرایەوە کە ئیرادە هەبێت دنیا ناچار بە گوێچکەگرتن و سەری کڕنۆش دانەواندن و گۆڕانی بڕیارەکانی دەبێت.

ڕاستە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە لەودا قازانجی ئابووریی داهاتوو و ڕێڕەوی زۆر لە شتەکان و پرسەکان دیاری دەکات، بەڵام ئیرادەی بەهێزی نەتەوەکان دەتوانێت ئەم ڕێڕەوە بگۆڕێت و زۆر گوێی نەبیست ناچار بە بیستنی خواستەکان و جیبەجێکردنی داواکارییەکان بکات.

دواڕۆژی شەڕی ئۆکراین هەرچەند ئەگەری زۆرە بە داگیرکردنی ئۆکراین کۆتایی بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ڕووسیە ناتوانێت درێژە بە داگیرکارییەکەی بدات و ئەو هەستە شۆڕشگێڕی و ئیرادە پۆڵایینە بە هیچ هێزێک لەناو ناچێت و بێگومان ئەوە ئیرادەی شۆڕشگێڕییە کە سەرکەوتووی ڕاستەقینەی ئەم گۆڕەپانە و هەموو شەڕەکانی دیکەش دەبێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.