کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیرادەی نەتەوە

00:54 - 9 خاکەلێوه 2722

ئاویەر

پێش لە هێرش و پەلامارەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و لە کاتژمێرەکانی دەسپێکی هێرشەکەدا، زۆربەی هەرەزۆری شڕۆڤەکارانی سیاسی پێیان وابوو ئۆکراینا پتر لە چەند ڕۆژ ناتوانێ بەرگری بکا و ئەو وڵاتە لەلایەن ڕووسیاوە داگیر دەکرێ؛ ئەو ئاکامگیری و پێشداوەرییە لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی هێزەوە دەکرا، کە گوایە ڕووسیا هێزێکی ئێجگار زەبەلاح و پۆشتەی هەیە و ئۆکراینا چەند ڕۆژ زیاتر ناتوانێ لە بەرامبەر دووهەمین ئەرتەشی جیهان بەرگری لە خۆی بکا و لە ئەنجامدا پاش چەند ڕۆژێک ئۆکراینا شکست دەخوا و داگیر دەکرێ.

هەر ئەوەش بوو کە وڵاتە ئورووپاییەکان و ئامریکا داوایان لە زێلێنسکی ڕێبەری وڵاتی ئۆکراینا کرد هەتا درەنگ نەبووە ئۆکراینا جێ بهێڵێ، بەڵام ئەوەی شڕۆڤەکاران، خودی ڕووسیا، ئورووپایی و ئامریکاییەکان بیریان لێ نەکردبوویەوە ئیرادەی نەتەوەیی ئۆکراینییەکان بۆ بەرگری لە ئاووخاکەکەیان بوو. نەتەوەیەک کە هەموو جیهانی سەرسام کردووە و لە پێناو وڵاتەکەیان زۆر بوێرانە بەرگری لە نیشتمانی خۆیان دەکەن و هەتا ئەوڕۆ توانیویانە دووهەمین ئەرتەشی جیهان بە چۆک دابێنن.

نموونەی مێژوویی لەم چەشنە کەم نین کە دەتوانین ئاماژە بە چەند جوڵەی هاوچەشن بکەین:

ئەو کاتەی داعش شاری کۆبانی گەمارۆ دابوو، زۆر کەس پێی وابوو کۆبانییش  وەکوو موسڵ و هەموو ئەو شارانەی کە تەسلیمی داعش کران بە دەست ئەو جەلادانەوە داگیر دەکرێ، بەڵام نەتەنیا کۆبانی نەکەوت بەڵکوو توانی ببێتە سەرەتایەک بۆ تێکشکاندنی داعش؛ لەوێشدا ئیرادەی نەتەوەیەک توانی سوپای ئەهرێمەن ببەزێنێ و بەچۆکیدا بێنێ و لە ئەنجامدا تەفروتوونای بکات.

لە ڕابردووی نە زۆر دووری ئێرانیشدا بابەتی لەم چەشنە وەبەرچاو دەکەوێ؛ ئەو دەمەی کە سپای نەزانیی تاران بۆ سەپاندنی سوڵتەی ناڕەوای خۆی بەسەر کوردستان فەرمانی بەدناوی جیهادی دەرکرد و جینایەتکارترین مۆرەکانی خۆی لەوانەش چەمران و حەسەنی و خەڵخاڵی ڕەوانەی کوردستان کرد تا هاوشێوەی هەرێمی ئەحواز و تورکەمەنسەحرا قەتڵوعامی گەلی کورد بکەن و جینایەت بخوڵقێنن؛ ئەگەرچی لە هەندێ شوێنی کوردستانیش ئەم پیلانە سەری گرت و خەڵکی بێتاوان کرانە ئامانج و ژن و منداڵ و لاوی ئەم نیشتمانە، بێدیفاع کوژران بەڵام چونکە ئیرادەیەک لە گۆڕێ بوو تاکوو نەتوێتەوە، بەرەنگارییەک دەستی پێکرد کە نەتەنیا ئیزنی توانەوە و تەفروتوونابوونی بە داگیرکەران نەدا بەڵکوو بووە مایەی شکستی نێردراوانی ئەهرێمەن و لە هەمان کاتیشدا بووە سەرباشقە و ئۆلگوویەک بۆ باقی هەرێمەکانی جوغرافیای ئێران کە گەر دەتانهەوێ بمێنن دەبێ ئیرادە بنوێنن و ڕووبەڕوویان ببنەوە؛ وانەیەک کە ساڵانی دواتریش هەر وەبەرچاو کەوتووە و لە ئێستەشدا هەر مێتۆدی مانەوەمان و خاڵی جیاکەرەوەی نێوان ئێمە و ئەو گەل و نەتەوانەیە کە ملیان دا و توانەوە.

کۆماری ئیسلامی ئەمساڵ زۆری هەوڵ دا دەستێوەردان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بکات و بەلاڕێیدا بەرێ واتە ئەگەر نەیتوانی ڕێوڕەسمەکانی بخاتە ژێر ڕکێڤ و سوڵتەی خۆیەوە ئەوا پێش بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە شار و گوندەکانی کوردستان بگرێ بەڵام لەکۆتاییدا نەک لەو سیاسەتە چەپەڵ و دژە نەتەوەییەی خۆی سەرنەکەوت بەڵکوو تووشی شکست و دۆڕان و ڕیسوایی هات.

 نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ئاگری نەورۆزیان زۆر بەشکۆتر لە ساڵانی ڕابردوو و بە گڕوتینێکی نەتەوەیی کردەوە، ئاگرێک کە دوژمن، سووتان و نەمان و شکستی خۆی لەوێدا دەدیتەوە، نەورۆزێک کە بووەتە هەوێنی یەکگرتن و شاخ و شاری لێک گرێداوە و بووەتە هێمای خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری.

هەموو ئەو بابەتانە لە ئۆکڕاینا، کۆبانی، دەیەی ٦٠ی کوردستان و نەورۆزی ڕۆژهەڵات ئەوەمان بۆدەسەلمێنێتەوە کە ئیرادەی نەتەوە لە سەرووی هەموو هێز و چەکێکەوەیە و دەتوانێ چۆک بە هەموو هێز و دەسەڵاتێکی داگیرکەر بێنێ، نەورۆزی ئەمساڵ دەرخەری ئەو ڕاستی و کەتوارەیە کە هیچ هێزێک و هیچ داگیرکەرێک ناتوانێ لە بەرامبەر ئیرادەی نەتەوەیەک خۆ ڕابگرێ و لە ئاکامدا بەدەست ئیرادەی نەتەوەوە تێک دەشکێ و تەفروتوونا دەبێ.