کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیرادەی گەل، بەربەرەکانێی لەگەڵ ناکرێ!

23:56 - 15 خاکەلێوه 2722

 ئاسۆ مێنبەری

ئەمساڵیش وەکوو ساڵانی پێشوو بە نوێبوونەوەی سروشت و هاتنی وەرزی بەهار و ڕسکانەوە، خەڵکی کوردستان هەنگاویان بۆ بەڕێوەبردنی هەرچی بەشکۆتری جێژنی نەتەوەیی نەورۆز هەڵگرت.

لە مانگەکانی پێش نوێبوونەوەی ساڵەوە پلانیان داڕشت کە پاش دوو ساڵ و لە پاش ڕزگاربوون لە پاندێمیی کۆرۆنا کە هەموو جیهانی لەگەڵ خۆی تووش کرد چۆناوچۆن بتوانن ڕێوڕەسمێکی شیاوی نەورۆز و ژینگەی پڕ لە جوانیی خۆیان بەڕێوە بەرن، هەر بۆیە بە ڕێکخستنی لێژنەی تایبەت لە شار و گوندەکانی کوردستاندا هەوڵیان دا کەرنەڤاڵی نەورۆزیی ئەمساڵ لە هەموو شار و گوندەکانی ئەم نیشتمانە بە شکۆیەکی هەرچی زیاترەوە بەڕێوە ببەن.

هەرچەند کە ڕێژیمی دژە شادیی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی هەموو ساڵانی پێشوو، هەوڵی دا لە ڕێگای جۆراوجۆرە پێش بە خەڵک بگرێت بەڵام ئەوە دیسان خەڵک بوون کە جێژنی سەرکەوتنیان بە سەر سوپای تاریکیدا گرت.

هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە ڕێژیمی ئێران بە بانگهێشتی شۆرای گوندەکان و دێهیارەکان و هەڕەشە و گوڕەشە لێیان ویستی لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی پاشگەزیان بکاتەوە، پێش لە هاتنی بەهاری کوردەواریش لە شار و گوندەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی بە ڕەشبگیریی لاوان و بانگهێشتیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرد کە بە خەیاڵی خۆی چاوترسێنیان بکات و نەهێڵێ ئەم جێژنە نەتەوەییە بەو شێوازە کە شیاوی خەڵکی کوردستانە بەڕێوە بچێ؛ بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گوشارانە لە زۆر شوێنی کوردستاندا و لە زۆربەی گوندەکاندا ڕێوەڕەسمی نەورۆزی بە شکۆیەکی تەواوەوە بەڕێوەچوو.

ئەگەر ڕێژیم بە مێلیتاریزەکردنی شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان هەوڵی دا بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بگات، ئەوە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بوون کە بە ڕێکخستنێکی بوێرانە و ژیرانە لە کەمترین ماوەی زەمەنیدا بە گۆڕینی شوێنەکە و بە سەمای جامانەوە بە پێشوازی ساڵی نوێوە بچن و بۆ جارێکی دیکە "نا"یەکی قایمیان بە دەسەڵاتی بێناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامی وت.

لە گوندی نێی هەمیشە دێموکرات، ڕێژیم دەستی بە مێلیتاریزەکردنی گوندەکە کرد و بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان ئەوە خەڵکی نێ بوون کە لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵاندا لەگەڵ دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بەرەنگاریان بوونەوە و چۆکیان دانەدا، ڕێژیم بێئاگا بوو لەوەیکە منداڵانی نێ قوتابخانە دەکەنە سەنگەری بەرخودان و بە وتنەوەی دروشمی "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"، سەنگەرێکی نوێ بە دژی داگیرکەر دادەمەزرێنن.

ڕێژیم لە درێژەی زەبروزەنگ بە سەر کوردستاندا، لە گوندی تەنگیسەری مەکۆی کوردایەتیش بە بانگهێشتکردنی دێهیار و شۆرای گوندەکە ڕایگەیاند کە نابێ هیچ ڕێوڕەسمێکی نەورۆزی بەڕێوە ببەن، بەڵام خەڵک دیسان هاتنە نێو گۆڕەپانی گوندەکە و "نا"یان بە داگیرکەر دووپات کردەوە.

 لە ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا سەرەڕای هەموو گوشارەکان بۆ سەر گوندی تەنگیسەر کە بە مەکۆی جامانە لەملانی کوردستان ناسراوە، هەڕەشەکان بۆ بەڕێوەنەچوونی ڕێوڕەسمی ١٣ بەدەر بەردەوام بوو بەڵام خەڵکی تێکۆشەری ئەم گوندە، وەک ساڵانی ڕابردوو، بە هەڵپەڕکێ و شایی و سەمای جامانە و هەوری، بەرەنگاری بیری چەقبەستووی کۆنەپەرستانی کۆماری ئیسلامی بوونەوە.

تەنگیسەریان کردە گۆڕەپانی شادی و بۆ جارێکی دیکە بە ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامییان ڕاگەیاند کە نە دەسبەسەرکردن، نە هەڕەشە و نە مێلیتاریزەکردن ناتوانێ پێش بە خواستی نەتەوەییمان بگرێ و ئێمە سوورین لە سەر ڕێبازەکەمان.

خەڵکی کوردستان لە هەموو شار و گوندەکان، بە سەمای جامانەوە، چوونە پێشوازی ساڵی نوێوە و ئەمەیان کردە هەوێنێک بۆ ڕاماڵینی هەتاهەتایی داگیرکەر لەم خاک و نیشتمانە و نیشانیان دا کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزیی حکوومەتی بەربەرەکانێ لەگەڵ هزر و ئەندێشەی ئازادیخوازی و نەتەوەخوازیی خەڵکی کوردستاندا بکات.

دیارە کە نەورۆز جێژنێکی نەتەوەییە و ئێمەی کوردیش وەک خاوەنی ئەم جێژنە نەتەوەییە مافی خۆمانە کە ڕێزی لێ بگرین، مافی خۆمانە شاد بین و لە دەوری ئاگری نەورۆز، بە هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەک تۆوی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و خاك بچێنین و ئەم خۆشەویستییە بۆ نەوەی دواڕۆژ بگوازینەوە.

ئەوەی کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە کوردستانی داگیرکراودا بینیمان، ئیرادەیەکی لەشکاننەهاتوو بوو، ویستێکی نەتەوەیی بوو کە سەلماندی هیچ بەربەستێک بۆ ئێمەی کورد بوونی نییە تا کاتێک کە هیوای ڕزگاری و ئاواتی ژیانێکی سەربەرزانە لە مێشکماندا چەکەرەی کردبێ، بۆیە خەڵکی کوردستان لە نەورۆزی ئەمساڵدا، لە نەورۆزی یەکگرتوویی نەتەوەییدا، بۆ جارێکی دیکە بە دوژمنی دڵ پڕ لە قینی کوردستانیان ڕاگەیاند کە ئیرادەی گەل، بەربەرەکانێی لەگەڵ ناکرێ!