یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بۆ ٢٢ی پووشپەڕ ساڵیادی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران وێڕای پشتگیری لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاڵپشتیی یەکیەتی و یەکدەنگیی شۆڕشگێڕان و پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات و داواکارە لەژێر چەتری ڕاساندا پێکەوە ئامانجەکانی شەهیدی ڕێبەر بەدەست بێنن".
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییان و ڕێبوارانی ڕێگای دێموکرات و قوتابییانی مەکتەبی شەهیدی ڕێبەر، دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو"!
لە ساڵیادی تێرۆری ڕێبەری نەتەوەکەمان شەهید دوکتور قاسملوو بەدەست شەمشەمەکوێرەکانی خوێنمژی کۆماری تێرۆر و سێدارەی بەناو ئیسلامیی ئێران لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، جارێکی تر پێویستە پەیمان و بەڵێن نوێ بکەینەوە تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی ڕێبەرانی شەهیدمان درێژەدەری ڕێبازی پڕشکۆیان بین.
دوژمنی دژە کورد و دژەئازادی بە شەهیدکردنی ڕێبەری ناوداری حیزب و گەلەکەمان ویستی دەنگی مافویستی و ئازادیخوازیی گەلەکەمان کپ و بێدەنگ بکات، ئەگەرچی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو زامێکی قووڵە، بەڵام قوتابییانی قاسملووی شەهید، بەچۆکدا نەهاتن و دا نایەن، چوونکە دەرچووی زانکۆی کوردایەتی و ڕێبازی دێموکرات و قاسملووی نەمرن، قاسملوو لە مێژووی کورددا وێنەیەکی هەمیشەییە و هیچکات لە یاد ناکرێت، قاسملوو تەنیا مرۆڤێک یان کوردێکی شۆڕشگێڕ نەبوو، بەڵکوو قاسملوو خۆی بە تەنیا وانەیەکی هەمیشەیی بوو کە پێنووس و لێنووس ناتوانن بەبێ ناوی ئەو باس لە ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی بکەن.
شەهید قاسملوو، ڕێبەرێکی کاریزما و شۆڕشگێڕێکی پڕاکماتیسم و ئازادیخوازێکی دەگمەنی سەردەم بوو، جگە لە تێز و هزرەکەی هاوکات خاوەن هەستێکی بەرزی نەتەوەیی و پاراستنی کولتوور و داب و نەریتەکانی کوردستان بوو، شەهیدی ڕێبەر مرۆڤێکی واقعبین بوو، واقعییەتی کوردستانی بە باشی دەناسی و کادر و پێشمەرگەکانی لەسەر ئەم واقعییەتی مەوجوودە ڕادەهێنا و هانی دەدان ئەوەی دەکرێت هەوڵی بۆ بدرێت.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران وێڕای پشتگیری لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاڵپشتیی یەکیەتی و یەکدەنگیی شۆڕشگێڕان و پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات و داواکارە لەژێر چەتری ڕاساندا پێکەوە ئامانجەکانی شەهیدی ڕێبەر بەدەست بێنن.
سڵاو لە گیانی پاکی دوکتور قاسملوو و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان، مەرگ و نەمان بۆ دوژمنانی مرۆڤایەتی و کوردایەتی.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی