کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"یزاکا" بەبۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پەیامێکی بڵاو کردەوە

14:13 - 23 خاکەلێوه 2721

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پەیامێکی پیرۆزبایی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

باوەڕدارانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، کوردستانییانی خۆشەویست و ڕۆژووانانی هێژا!

بەبۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوادارین ئەو مانگە و ڕۆژووەکانتان ببێتە قەڵغانی ڕزگاری هەم لەم جیهانە و هەم لە جیهانی دواییدا.

خۆشەویستان ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان فەرز کراوە لەسەرتان هەروەک فەرز بووە لەسەر گەلانی پێش ئێوە، بۆیە پێویستە ئەم ڕوکنە گرینگەی ئیسلام بایەخی پێ بدرێت و جگە لەو کاتانەی کە پەروەردگاری مەزن ئیزنی پێداون بۆ ئیفتارکردنی ڕۆژووەکانتان، وەک کاتی نەخۆشی و سەفەرکردن، هیچ بیانوویەکی تر نییە بۆ مرۆڤی موسڵمان و باڵغ و عاقڵ کە ڕۆژوو نەگرێت و چاوپۆشی بکات لە ڕەمەزان.

ڕۆژووی ڕەمەزان لە مانگی ڕەمەزاندا بە تەواوبوونی مانگی شەعبان و بینینی مانگی شەوال کۆتایی دێت و چەند ڕۆژێکی دیاری کراوە یا ئەوەتا ٣٠ ڕۆژە یانیش ٢٩ ڕۆژە.

بە هەر ئەگەرێک موسڵمان ڕۆژوو بخوات و نەیگرێت واجبە هەم فیدیە بدات هەم دواجار قەزای بکاتەوە.

ئەو خوشکانەی دووگیانن یان مناڵی شیرەخۆرەیان هەیە دەتوانن ئیفتار بکەن و لە داهاتوودا بیانگرنەوە.

"یا ایهاالذین آمنوا كتب علیكم الصیام كما كتب علی الذین من قبلكم لعلكم تتقون، ٲیاما معدودات فمن كان منكم مریضا ٲو علی سفر فعدة من ٲیام ٲخر.

ئازیزان فەلسەفەی ڕۆژوو گرتن تەنیا خۆ برسیکردن نییە بەڵکوو پێویستە هەم دڵ و زمان و گوێمان لە خراپە بپارێزین و هەوڵ بدەین هاوکاری هەژاران و لێقەوماوان بکەین، هەوڵ بدە چۆن سفرەی ماڵی خۆت جوان و ڕازاوە دەکەیت، بۆ ناسیاوان و هەژارانیش بەم شێوەیە بێت، بەخیل و حەسوود مەبە، بەخشش و چاکەکاری بکە، خۆت لە تووڕەبوون و ئەزیەتدانی بنەماڵە و هاوسێکانت بپارێزە، گەر کەسێک جنێوی پێ دای تۆ لە وەڵامدا بڵێ من بەڕۆژووم، سەردانی خزمان بکە و سیلەی ڕەحم نیشان بدە، لەگەڵ هەر کەسێک پەیوەندیت پچڕاندووە پەیوەندی گەرم و گوڕ بکەوە، چونکە بەم کارانەت خودای مەزن لە خۆت ڕازی دەکەیت و ڕۆژووەکەت قەبووڵە، ئەگینا دڵنیا بە، تەنیا برسییەتی و ماندووییت بۆ دەمێنێتەوە.

خودای دلۆڤان یارمەتیمان بدات بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە پیرۆز و مەزنە، جارێکی تر مانگی ڕەمەزان لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێت.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٢٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی