کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"یزاکا" بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە پەیامێکی بڵاو کردەوە

12:30 - 8 خاکەلێوه 2722

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی یزاکا بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە

 هاونیشتمانییانی هێژا، بەڕێزان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان؛

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی لە سێدارەدانی پێشەوای کورد، نەمر قازی محەممەد، سەدری قازی و محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ ئێوە بەڕێزان لەم ڕۆژەدا جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە و پشتیوانیی خۆمان لە ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدان نوێ دەکەینەوە.

٧٥ ساڵ پێش ئێستا، ڕێژیمی دژە گەلیی پاشایەتیی ئێران لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە چوارچرای شاری مەهاباد ڕێبەرانی کوردی دڕندانە لە سێدارە دا و کۆماری کوردستان کۆتایی هات.

پێشەوا کەسایەتیی مەزنی کورد کە ئەستێرەیەکی دروشاوەی خاکی کوردان بوو، بۆ ئەوەی هەم ڕێبازی گیانبازی و هەم درێژەپێدانی ئەم ڕێبازە هەمیشەیی بێت و بۆ پاراستنی خاک و دانیشتوانی کوردستان لە بەرانبەر دڕندەکانی ڕێژیم شاهەنشاهی بپارێزێت، گیانی خۆی فیدای ئامانجەکانی گەل کرد.

گیانفیدایی پێشەوای نەمر وانەیەکی بەهێز بوو بۆ گەلی کورد و ڕۆڵەکانی کوردستان کە ئازادی فیداکاری و قوربانیدانی دەوێ، بۆ ئەم ئامانجەش پێویستە ڕێبەر و سەرداری کورد بە کردەوە بیسەلمێنێت کە کورد تا چەند تامەزرۆی ئازادی و ڕزگاریی نیشتیمانە" و بۆ بەختەوەریی نەوەی نوێی ئەم خاکە پاکە گیان دەبەخشێت و هەمیشە لە ڕێزی پێشەوەی فیداکارانە.

ئێمەش ڕێبوارانی بە ئەمەگی ئەم سەردارەی کورد مەیدان بۆ خوێنمژانی کوردستان چۆڵ ناکەین و بەڵێن و پەیمان لە گەڵ پێشەوای نەمر و هەموو شەهیدان نوێ دەکەینەوە تا وەدیهاتنی ئامانجەکانمان چاونەترسانە بەردەوام و ڕێبواری ڕێگای شەهیدانی کوردستان بین.

بەرز و بەڕێز بێت یادی ١٠ی خاکەلێوە ڕووحی پێشەوای مەزن و شەهیدانی کوردستان شاد

مەرگ و نەمان بۆ داگیرکەرانی نیشتیمانی کوردان

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی