کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"یزاکا" لە پەیامێکدا هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ئیدانە کرد

17:33 - 22 خەرمانان 2721

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا بۆردوومانی کوردستانیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد و پشتیوانی خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتیمانیانی هێژا

مامۆستایانی ئایینیی وچین و توێژەکانی کوردستان و کۆمەڵگای مرۆڤدۆستی جیهانی

هەروەک ئاگادارن ڕێژیمی دژە کورد و مرۆیی ئێران، هەر لە سەرەتاوە لە دژایەتی گەلی مافخوراوی کورد، بە فتوای جیهاد و کوشتن و ئێعدام و زیندانیکردنی لاوانمان دژایەتی لەمەڕ ئەم نەتەوە بێ بەشەی بە دڕندانەترین شێوە دەست پێکرد و لە ئازار و ئەشکەنجە و ڕاوەدوونانی خەڵکەکەمان خۆی نەبوواردووە و بە سووتانی ژینگە و گرتنەوەی ئاو و پشتگوێ خستنی سەرەتاییترین مافە مرۆییەکان، مەبەستی ئەوە بووە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو بەرێت و ڕەنگی کوردایەتی و زمانی زگماکی بسڕێتەوە، بەڵام شۆڕشگێرانی کورد لەم بەشەی کوردستان بۆ پارێزگاری لە مافەڕەواکانیان بە خوێنی گەشیان بەرگرییان لە مانەوەی گەلەکەیان کردووە، ئەمجارەش کۆماری پەت و سێدارە و تێرۆری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی هێزەکانی حیزبە شۆڕشگێرەکان خەریکە باشووری کوردستانیش بخاتە ژێر ڕەهێڵەی چەکە ژەنگاوییەکان و لە زەوی و ئاسمان بە بۆم و تۆپ و فڕۆکەی ئینتحاری خاکی و نیشتیمانی کوردان بەرەو نەمان بەرێت!

بێ شک ئیرادەی بەهێزی هێزی پێشمەرگە قارەمانانە بەرگری لە خاک و وڵات دەکەن بەڵام بۆ ئەو مەبەستە پشتیوانی ئێوە دانیشتووانی کوردستان و هەموو چین و توێژەکان لە حاند ئەو پێشێلکارییەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستە، دەتوانن وەک پێشمەرگەی شار پاڵپشتی لە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانتان بکەن و لمبۆزی بۆگەنی دوژمنی خاک و ئایین و نەتەوەتان بخەنە ژێر گڵ.

ئێمە یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران پاڵپشتی خۆمان لە قارەمانانی گەل دووپات دەکەینەوە و داوا لە هەموو ئێوە بەڕێزان دەکەین بێ دەنگ و چاو نووقاو مەبن لە حاند ئەم پێشێلکاریانە و دەنگی ناڕزایەتی خۆتان بە گوێ تیڕۆریستانی جەماران بگەیەنن و لە هەر بووارێکدا بکرێت یارمەتی شۆڕشگێرانی نەتەوەکەتان بدەن، چوونکە ئەم ئەرکە ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقی و نەتەوەییە.

سڵاو لە ورەی بەرزی پێشمەرگە، سڵاو لە یەکیەتی و خۆڕاگریتان، بڕوخێت ڕێژیمی دژە گەلیی ئاخوندی ئێران.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٢١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی