یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە پیرۆزبایی دەکەین لە هەموو خۆڕاگران و خەباتکارانی نیشتمان و پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
پێشمەرگە بەرزترین وشەیە لەنێو شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی کورد و کوردستان، پێشمەرگە ئاڵاهەڵگر و پارێزەری کەرامەتی نەتەوەیی و کولتوور و زمان و خاکی پیرۆزی نیشتمانە.
بەرزترین وشە لە بەرز و بەڕێزترین و فیداکارترین ڕۆڵەکانی گەل دەوەشێتەوە، بۆیە جێگای شانازی و بەختەوەریی پێشمەرگەیەکی ئازادیخواز ئەوەیە ڕۆژی دامەزراندن و دیاریکردنی ئەو ڕۆژە پڕشکۆیە لە یاد نەچێت و شکۆمەندانە ڕێزی لێ بگیردرێت.
یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە خاکیپۆشانی دێموکرات، هیوای سەرکەوتن و سڵامەتی بۆ هەموو پێشمەرگەکان دەخوازێت.
بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان
یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی