کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یزاکا لەمەڕ دەسبەسەرکردنی لاوانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پەیامێکی بڵاو کردەوە

11:13 - 12 رێبەندان 2720

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، پەیامێکی بەنیسبەت شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی لاوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا داوای لە خەڵک کردووە کە وشیارتر و بوێرانەتر بە گژ ئەم دوژمنکارییانەدا بچنەوە.

دەقی پەیامە بەم چەشنەیە:

خەڵکی بە شەرەفی کوردستان، باوەڕدارانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان.

کۆماری پەت و سێدارەی ئێران بەدڕێژایی تەمەنی پڕ لە دوژمنکارانەی خۆی دژ بە دانیشتووانی ئێران بە گشتی و نەتەوە بندەستەکان و باوەڕدارانی ئایین و ئایینزا جیاوازەکان بە تایبەتی، هیچکات لە کوشتن و زیندانیکردن و دەستدرێژی و بێ ڕێزی و ماڵوێرانکردنی خەڵکەکەمان خۆی نەبواردووە و بە دڕندانەترین شێوە هێرشی بۆ سەر کورد و بەلووچ و عەڕەب و باوەڕدارانی غەیرە شیعی ئەنجام داوە.

هێرشی ڕێژیم لە ساڵەکانی ٥٨ تاکوو ٦٢ی هەتاوی بۆ سەر شارەکانی کوردستان و کوشتنی بە کۆمەڵی لاوان و بە ساڵاچووانی کورد و کوشتنی دەیان و سەدان مامۆستای ئایینیی سوونەمەزهەب، لە یاد و بیرەوەریی گەلەکەماندا هەروا ماوە و جیهان و سەرجەم مرۆڤایەتی شاهیدی ئەو وەحشیگەرییەی ڕێژیمی بە ناو ئیسلامیی ئێرانەن.

هەروەک ئاگادارن ماوەیەکە لەدرێژەی ئەو جینایەتانەی بە دژی گەلی کورد و بەلووچ و عەرەب، بێ بەزەییانە و بێ باکانە لە بێدەنگیی وڵاتانی جیهانی خەریکی لەسێدارەدانی چالاکانی ئایینی و سیاسین و هەروەها بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لاوان و ئازادیخوازان و چالاکانی مەدەنی دەستبەسەر دەکات و بۆ شوێنە نادیارەکان ڕایاندەگوازێت، هەر لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٩٠ لاوی کوردی لە شارەکانی کوردستان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستبەسەر کردووە و چەندین زیندانیی سیاسی و عەقیدەتیی بەلووچ و کوردی لە سێدارە داوە.

ئاشکرایە ڕێژیمی مرۆڤکوژ و دژە ئایینی بە ناو ئیسلامیی ئێران، دەسەڵاتە نگریسەکەی لەسەر لێواری هەڵدێردا دەبینێت و ترسێکی مەزنی لە ڕاپەڕینی جەماوەر هەیە و دەیهەوێت بە چاوترساندنی خەڵکی کورد و بەلووچ و عەرەب خۆی وەک دەسەڵاتێکی بەهێز نیشان بدات و شەقامی شارە گەورەکانی وەک تاران و ئیسفەهان و... کپ و بێدەنگ بکات.

بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و تۆتالیتێری ئاخوندیدایە و ناتوانێت بەم جۆرە سێناریۆ و ڕەشبگیریانە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بێدەنگ بکات.

پێویستە گەلەکەمان هۆشیارتر و بوێرانەتر بە گژ ئەم دوژمنکارییانەدا بچنەوە و ڕێگا نەدەن زۆر بە سانایی لاوانمان دەستبەسەر و ڕەوانەی سیاچاڵەکان بکرێن.

یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی ئەم ڕەوتە نامڕۆڤانەیەی ڕێژیم پاڵپشتیی خۆی بۆ حیزب و لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی دووپاتە ئەکاتەوە و داواکارین خەڵک و حیزبەکان یەکگرتوو بن و پێکەوە بۆ وەدیهاتنی ئامانجی گەلەکەمان هەنگاو بنێن، هەروەها داوا لە سەرجەم وڵاتانی دێموکراتیک و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکەین ڕێگا نەدەن کۆماری دیکتاتۆری تیرۆریستیی ئاخوندی زیاتر لەوە خوێنی لاوانمان بکاتە لەمپەری شکستەکانی خۆی.

بە هیوای وەدیهاتنی ئازادی بۆ ئێران و کوردستان.

بڕووخێت ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئاخوندی.