کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: بوونی ڕێژیمی ئێران لە دەریای سوور هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنییەتی ناوچەکە

11:51 - 15 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ـی پووشپەڕ "بنی گانتز" وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتوویەتی کە بوونی ڕێژیمی ئێران لە دەریای سوور هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمنییەت و باری ئابووری ناوچەکە.

ناوبراو لە کۆبوونەوەیەک لە شاری "ئاتێن" لە یونان وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران بە مەبەست ڕووی لە دەریای سوور کردووە و کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەی باشووری ئەو دەریایە خەریکی گەشت و چالاکیی نیزامین.

"گانتز" هەروەها باسی لەوە کردووە کە بوونی ڕێژیمی ئێران و چالاکییەکانی لەو ناوچەیە لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەرەی ئەستاندووە.

هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا وێنەی ماهوارەیی چوار کەشتی شەڕکەری ئێرانی لە دەریای سوور پیشانی بەشدارانی کۆبوونەوەکە دراوە.

ڕێژیمی ئێران زیاتر لە یەک دەیەیە کە بوونی لە دەریای سووردا بۆ پاراستنی نەوتکەشەکانی خۆی لە هێرشی نەیارەکانی وەکوو پاساو هێناوەتەوە.

لە ئێستادا ئیسرائیل و کۆمەڵێک لە وڵاتانی عەرەبی بەنیسبەت دەستێوەدانەکانی ڕێژیمی ئێران و چالاکییە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا نیگەرانن.

"بنی گانتز" لە بەرەبەری سەفەری "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوای پتەوکردنی پەیوەندیی ئەمنییەتیی زیاتری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو کردووە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە نێوەندگیری ئامریکا، پەیوەندییەکانیان گەشەی زۆری بە خۆوە دیتووە.