کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بە هاوکاریی ئامریکا مانۆڕێک بە دژی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەبات

17:39 - 28 بانەمەڕ 2722

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی ئاسمانیی "ئیسرائیل" لەگەڵ فڕۆکەی گەیاندنی سووتەمەنیی ئامریکا لە کۆتایی مانگی ٥ی زایینی بۆ ڕاهێنانی هێرشی لەناکاو بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران، مانۆڕێک بەڕێوە دەبەن.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئەو مانۆڕە کە بە "چەرخی مەرگ" ناسراوە، ڕێژەیەکی زۆر لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، ڕاهێنان بۆ چۆنیەتیی چوونە نێو ئێران و ئەنجامدانی هێرشی بەردەوام بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە دەکەن.

هاوکات "مایکێل کوریلا" فەرماندەی نوێی بنکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا (سێنتکام)، کە چاوەدێری بەسەر هاوکارییە نیزامییەکانی ئیسرائیل و ئامریکا لەو ڕاهێنانەدا دەکات، سێشەممە بە مەبەستی دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، "بنی گێنتس" وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە نیازە لە سەردانێکدا بۆ "واشنتۆن" لەگەڵ لایەنی ئامریکایی چاوپێکەوتن بکات.