کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات

12:23 - 28 خاکەلێوه 2721

''گەبی ئەشکنازی'' وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتوویەتی، ئیسرائیل بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی هەر کارێک کە پێویست بێت ئەنجامی دەدات.

ئەم هەڵویستەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە دوای ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی پیتاندنی ٦٠ لەسەدیی ئورانیۆم لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بوو.

ڕێژیمی ئێران دوای تەقینەوەی بەشێک لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز ڕایگەیاند کە ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم هەتا ٦٠ لەسەد بەرز دەکاتەوە، لە حاڵێکدا ئەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی بەرجامە و کۆمەڵگای جیهانیی تووشی نیگەرانییەکی جیددی کردووە.

لەوبارەوە ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا وتوویەتی: ''لەم هەوڵەی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی ناکەین، پیتاندنی ئورانیۆمی ٦٠ لەسەدی یارمەتییەک بە وتووێژەکان ناکات و ئەمە بە دژی ڕێککەوتنی بەرجامە''.

بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام ئێران ڕێگەی پێ دراوە هەتا ئاستی ٣.٦٧ لەسەد پیتاندنی ئورانیۆمی هەبێت، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە بیانووی گەمارۆکانی ئامریکا سەرەتا ئاستی پیتاندنی ئورانیۆمی بۆ ٥ لەسەد، دواتر هەتا٢٠ لەسەد و ئێستاش دەیهەوێت بیگەیەنێتە ٦٠ لەسەد.