کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل جارێکی تر زۆر بە توندی هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کرد

12:46 - 4 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ئیسرائیل جارێکی تر زۆر بە توندی هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کرد، کە بەهێزتر لە جاران ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە دەبنەوە.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە هاوکات پۆستی وەزیری بەرگریشی لە ئەستۆ گرتووە، لە بەسەر کردنەوەی بەشێک لە هێزەکانی سپای ئیسرائیل لە باشووری ئەو وڵاتە، زۆر بە توندی هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کرد و ئامادەییی هێزەکانی سپای وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێز و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە لوبنان، فلستین و سووریە، دەربڕی.

نێتانیاهوو، لە بەشێکی لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ڕێژیمی ئێران گەورەترین دوژمنی ئیسرائیلە، وتی: "ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا مەبەستی خۆی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ڕاگەیاند. ئێمە دەبێت نەهێڵین ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوەکیی ڕابگات. بەڵام ڕێژیمی ئێران هێزەکانی خۆی بەرەو لای ئێمە خستووەتە جووڵە و دەیهەوێ گەمارۆمان بدات. ئەوان لە ڕێگای حیزبوڵڵای لوبنان سەنگەریکیان لە لوبنان دروست کردووە و لە غەزەش لە ڕێگای پاڵپشتی لە حەماس و جیهادی ئیسلامیی فلستین ئەو کارە ئەنجام دەدەن، لە ئێستاشدا دەیانەوێت بە جێگیرکردنی هێزەکانی ڕێژیمی سووریە لە سنووری گوڵان سەنگەری سێهەم دروست بکەن".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی تری قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە هێزەکانی ئیسرائیل ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانە بە ئەرکی خۆیان دەزانن و وتیشی: "ئێمە لە سووریە زەبرێکی توند لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەوەشێنین. سپای ئیسرائیل تەنیا سپای جیهانە کە لە سووریە ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بووەتەوە. ئێمە پیلانە تێرۆریستییەکان لە لوبنان و غەزە، پووچەڵ دەکەینەوە".

بێنیامین نێتانیاهوو، لە چەند پەیامی توویتێریشدا کە بە شێوەی فیلم و نووسراوە لە لاپەڕەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاند: تاکوو من سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بم، لە شەڕ بە دژی ڕێژیمی ئێران واز ناهێنم.

ناوبراو لەو گرتەڤیدئۆییەدا ڕوو بە قاسم سلێمانی فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران و ئاخوندەکانی ڕێژیمی ئێران ئاگادارییەکی بڵاو کردووەتەوە و وتوویەتی: "باشترە بەجێی ئەوەی کە بیانەوێت دەستێوەردان لە هەڵبژاردنە نێوخۆیییەکانی ئیسرائیل بکەن، ئاگاداری ئەو بنکانە بن کە بڕیارە لە سووریەدا دروستیان بکەن".

لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: سیاسەتی ئێمە ڕوونە و گۆڕانکاریی بە سەردا نایەت، ویستی ئێمە پێشگرتن بە جێگیربوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەیە و ئەو سیاسەتەش ڕاگیر و نەگۆڕە.