کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ڕێژیمی سووریە

12:27 - 3 سەرماوەز 2721

میدیاکانی سووریە بڵاویان کردووەتەوە کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی "حومس" کوژرانی دوو کەسی سڤیل و برینداربوونی ٦ سەربازی لێ کەوتووەتەوە و پەدافەندی ئاسمانیی ڕێژیمی سووریە چەند مووشەکی ئیسرائیلی خستووەتە خوارەوە.

ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەدان هێرشی دژی ئامانجی نیزامیی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە ئەنجام داوە.

ئیسرائیل لە ماوەی ڕابردوودا بۆ ئەوەی پێش بە جێگیربوونی هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژێمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە بگرێت، هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کردووەتە بەشێک لە چالاکییە دیارەکانی خۆی.

لە کاتی دەسپێکی شەڕی نێوخۆی ڕێژیمی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی، میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەوانە گرووپی "حیزبوڵـڵا" لە سووریە خۆیان جێگیر کرد و ئیسرائیل مانەوەی ئەو میلیشیایانەی بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئەمنییەتیی وڵاتەکەی وەسف کردووە.

بەفرانباری ساڵی ڕابردوو هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو کە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا هێرشمان کردووەتە سەر نزیک بە ٥٠ پیلان لە سووریە و ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کەمیی جووڵە و مانەوەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە.