کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر ملیشیاکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە

12:10 - 31 بانەمەڕ 2722

چاوەدێری مافی مرۆڤی "سووریە" لە ڕاپۆرتێکدا دەریخستووە کە "ئیسرائیل" هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ملیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە دەوروبەری "دەمیشق" و ناوچەکانی "جمرایا و ئەلکسوە"ی کردووەتە ئامانجی ئەو هێرشانە.

هەواڵدەریی ڕێژیمی سووریە "سانا" بڵاوی کردووەتەوە، لەو هێرشەدا کە بە مووشەکی زەوی بە زەوی و لەلای بەرزایەکانی "گوڵان" ئەنجام دراوە، سێ کەس کوژران و زیانی ماددیی زۆریش وەبەر ئەو شوێنانە کەوتووە.

"سانا" ئیدیعای کردووە کە پەدافەندی ئاسمانیی ئەرتشی "سووریە" چند دانە لەو مووشەکانەی لە ئاسمانی "دەمیشق" خستووەتە خوارەوە.

ئیسرائیل ئەو هێرشانەی خۆی بە هەوڵێکی بەرگریکارانە و پێویست دەزانێت و یەکێک لە ئامانجە هەرەگرینگەکانی ئەو هێرشانە پێشگرتن بە جێگربوونی نیزامییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و ملیشیاکانی لە نزیک سنوورەکانی نێوان سووریە و ئیسرائیلە.