کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل جارێکی دیکە پێداگریی کردەوە کە هێرش دەکاتە سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران

12:10 - 15 رەشەمه 2720

"بنی گانتز" وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە، ئەرتشی ئیسرائیل خەریکی بەڕۆژکردنەوەی گەڵاڵەکانیەتی بۆ ئەوەیکە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران.

ناوبراو ئەو قسەیەی لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیووز" کردووە و بۆ جارێکی دیکە جەختی کردووەتەوە کە ئیسرائیل بەنیسبەت چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بێدەنگ نابێت.

ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل هۆشداریی داوە کە ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەتوانێت پێش بە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بگرێت ئیسرائیل بە تەنیا هێرش دەکاتە سەر ڕێژیمی ئێران.

بەپێی زانیارییەکان کە "فاکس نیووز" بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل چەندین خاڵی لە ئێران وەک ئامانج دیاری کردووە.

هاوکات ئەگەری هەیە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای هێزەکانی خۆی لە سووریە و لوبنان هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

بۆ چەندمین جارە کە ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت خۆی بۆ هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ئامادە دەکات.

لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام بەشێک لە کارناسانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە ئیسرائیل و ئامریکا بە شێوەی هاوبەش هێرش بکەنە سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران.