کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل داوای لانەبردنی گەمارۆکانی سەر تاران دەکات

17:55 - 2 رەشەمه 2720

ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو لە کاتی دەستپێکی پیتاندنی ٩٠ لەسەدیی ئۆرانیۆم لەلایەن ڕێژیمەوە ئەو ڕێژیمە تەنیا ٢ ساڵ هەتا دروستکردنی بۆمب مەودای دەبێت.

چەند ڕۆژ پاش دەربڕینەکانی "ئانتۆنی بلینکێن" وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، کە وتبووی ڕەنگە ئێران تەنیا چەند حەوتوو مەودای لەگەڵ دەستپێڕاگەیشتن بە مادەی پێتێندراوی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی هەبێت، ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنی زانیاریی ساڵانەی خۆیدا پێشبینییەکی جیاوازی کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی نیزامیی ئیسرائیلەوە کۆ کراوەتەوە، مەودای شکستی ئێران لانیکەم ٢ ساڵە.

ژەنەراڵ "تامیر هایمەن"، سەرۆکی ئیتلاعاتی نیزامیی ئیسرائیل، ٩ی فێڤرییە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وتبووی، ئێران لە کاتێکەوە کە بڕیاری داوە بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم هەتا ئاستی ٩٠ لەسەد تەنیا ٢ ساڵ مەودای دەبێ بۆ دروستکردنی بۆمب.

ئەمە نیشان دەدات کە ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ بەرجام بە پێویست نازانێت و ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئێران دەکات.

ئیسرائیل گوشارێکی زۆر بۆ "بایدن" دێنێت کە گەماڕۆکان لەسەر ئێران لانەبات و هەروەها نەگەڕێتەوە بۆ بەرجام.