کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل دوو بنکەی حەماسی لە "لێواری غەزە" کردە ئامانج

13:04 - 1 بانەمەڕ 2722

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی بانەمەڕ، دوو بنکەی نیزامیی گرووپی ''حەماسـ''ـی لە لێواری غەزە کردە ئامانج.

ئەو هێرشە دوای ئەوە بووە کە چەندین مووشەک لە غەزەوە ڕەوانەی خاکی ئیسرائیل کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرئیل بە ١٢ مووشەک بنکەی ''عیسا ئەلبتران'' سەر بە گۆردانەکانی ''ئەلقسام'' کە لقی نیزامیی گرووپی ''حەماسـ''ـە، لە لێواری غەزە بۆمباران کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەو هێرشەدا زیانێکی جیدی بەو ناوندە گەیشتووە.

هەروەها لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بنکەی نیزامیی ''قورەیش'' کە بنکەی دیکەی نیزامیی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە لە گەڕەکی ''زەیتوون'' لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری غەزە بۆمباران کرا.

ئەرتشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە کاردانەوە بە هاویشتنی مووشەک لەلایەن گرووپی حەماس، بینایەکی ژێرزەوینیی ئەو گرووپە کە مۆتۆری مووشەکیی تێدا بەرهەم دەهات لە لێواری غەزە کردە ئامانج.

لەو بەیاننامەیەی ئەرتشی ئیسرائیل هاتووە کە سیستمی پەدافەندی ئاسمانیی حەماس لە غەزە کراوەتە ئامانج.

ئەو گرژییانە لە حاڵێکدا هاتووەتە ئاراوە کە حەوتووی ڕابردوو لەنێوان خۆپیشاندەرانی فلستینی و پۆلیسی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم تێکهەڵچوون ڕووی دا.