کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل دیسانەوە هێرشی کردە سەر سووریه

17:59 - 19 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە ماوەی ڕابردوودا، ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ چەندەمین جار هێرشی کردە سەر سووریە و بنکە و بارەگا نیزامییەکانی ئەو ڕێژیمەی بۆردومان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دەوڵەتی ئێسرائیل بۆ جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ڕێژیمی ئەسەد و چەندین شوێنی نیزامیی ئەو ڕێژیمەی بۆردومان کرد.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازیی ئەرتەشی سووریه ڕایگه‌یاندووە، هێزه‌كانی به‌رگریی ئاسمانی ڕێژیمی ئەسەد، دوو مووشه‌كیان له‌ ئاسمان تەقاندووەتەوە، كه‌ له ‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ئاراسته‌ی ناوچه‌ی "كسوه"‌ی ده‌وروبه‌ری دەمشق كرابوون.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی زۆر به‌هێز له‌ خاڵێكی نیزامی سه‌ر به‌ ئەرتەشی ڕێژیمی سووریه له‌ نزیک ناوچه‌ی كسوه‌ بیستراوه‌، به‌ڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییه‌ک له‌باره‌ی ده‌نگی ئه‌و ته‌قینه‌وەیە لە بەردەستدا نییه.

دوای ئەو هێرشە، وته‌بێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕه‌تی كرده‌وه، کە وڵاتەکەی ئەو هێرشەی ئەنجام دابێت.

لە ماوەی ڕابردوودا، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریه و لەو هێرشانەدا چەندین شوێنی نیزامی کە مۆڵگەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوونە، کراونەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سپای پاسداران کوژرا و بریندار بوون.

ڕێژیمی ئێران بەڵێنی داوە، کە تۆڵەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل لە کات و دەرفەتی گونجاودا دەکاتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل، پێشتریش چەندین جار لە جێگیربوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە ڕەخنەیان گرتبوو و لە دروستبوونی "بەرەیەکی نوێ" بە دژی وڵاتی ئیسرائیل لە گوڵان لە لایەن ئەو ڕێژیمە و حیزبوڵڵاوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

به‌رپرسی "مووساد" پێشتریش باسی لەوە کردبوو، ڕێژیمی ئێران له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست له ئاژاوەنانه‌وه ‌و پاڵپشتی کردنی گرووپه تێرۆریستییه‌کان ڕۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌یه و به‌ به‌رده‌وامی له هه‌وڵدایه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له ناوچه‌که‌دا به‌ربڵاوتر بکاتەوە.