کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل دەستی کردووە بە دەرکردنی سپای قودس لە سووریە

12:49 - 18 بانەمەڕ 2720

لە ئەنجامی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریە، ئەو میلیشیا چەکدارانە بەرەبەرە خەریکی چۆڵکردنی بنکەکانیان و کشانەوەی هێزەکانیان بۆ نێو خاکی ئێرانن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەتی و نیزامیی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە سپای قودسی سەر بە سپای تیرۆریستی پاسداران کە لە خاکی سووریەدا جێگیر بوو، بەهۆی گورزە یەک لە دوای یەک و بەردەوامەکانی ئەرتشی ئیسرائیل خەریکی کەمکردنەوەی هێزەکانی خۆی و گەڕاندنەوەیان بۆ ئێرانە.

ئەو بەرپرسە پلە باڵایە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا ببێت، وتوویەتی، شێلگیربوونی ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی ژێربینای نیزامیی سپای قودس لە سووریەدا، ڕێژیمی ئێرانی بەو قەناعەتە گەیاندووە کە ناتوانێت لە سووریەدا بۆ هەمیشە بمێنێتەوە و باشترە چۆڵی بکات.

لەو بارەوە "کەیوان دروودی" چالاکی سیاسی دەڵێت: "لەسەر چوونەدەرەوەی ئێران لە سووریە شک و گومان هەیە بنکەکانی چۆڵ کردووە، بەڵام  چۆڵکردنی بنکەکانی زیاتر لەبەر ئەوەیە نەکرێتە ئامانج، بۆیە دەکرێت هێزەکانی بڵاوە پێ بکات لەنێو سووریەدا و ئەو هێزانەی زۆر بەلاوە گرینگ نییە، لەبەر ئەوەی زۆربەیان تەبەعەی ئەفغانستانی و پاکستانین و لە چوارچێوەی زەینەبییون و فاتمییوندا لەوێ ڕێک خراون".

لە حەوتووی ڕابردوودا، لانیکەم ٣ هێرشی ئاسمانی دژ بە بنکەکانی سپای قودس و کۆگاکانی چەکوچۆڵیان لە چەند خاڵی سووریەدا ئەنجام دراوە کە کۆی گشتیی ئەو هێرشانە گرێدراوە بە ئیسرائیلەوە.

هەروەها ئیسرائیل لەنێوان ساڵەکانی ۲۰۱۹ هەتا ۲۰۲۰ لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانەی لە سووریەدا کردوویەتی، ۱۸۳ میلیشیای سەر بە ڕێژیمی ئێرانی کوشتووە.

"نەفتالی بێنت"، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل چەند ڕۆژ پێش وتوویەتی: "تا ماوەیەک پێش، سیاسەتی ئیسرائیل ئەوە بوو کە جێگیربوونی سپای قودس لە سووریەدا ئەستەم بکاتەوە، بەڵام ئێستا سیاسەت ئەوەیە کە سپای قودس ناچار بێت سووریە بەجێ بهێڵێت".

"دروودی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: "لەسەر چوونەدەر لە سووریە ئەوە شتێکە لە ئیستاوە ناتوانین قسەی لەسەر بکەین، بەڵام لەسەر چۆڵکردنی بنکەکانی، دیارە بەڵگە لەبەر دەستایە کە بنکەکانی چۆڵ کردووە و هۆی ئەوەش پاراستنی هێزەکانیەتی کە ئێستا زەربەیەکی زۆریان لێکەوتووە؛ لە دوورەدیمەندا وادیارە ئێران شانسێکی وای بۆ بەشداریکردن لە کایەی سیاسی لەنێو سووریەدا نابێت".

"بنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئێمە بە هیچ شێوازێک ئیزن نادەین هێزەکانی ئێران لە سووریە بمێننەوە و لە هێرشەکانمان بەردەوام دەبین.