کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل سیخوڕێکی ڕێژیمی ئێرانی دەستبەسەر کرد

16:32 - 31 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی نێوخۆیی دەزگای هەواڵگری و ئەمنییەتیی وڵاتی ئیسرائیل، پیلانی سیخوڕێکی ڕێژیمی ئێرانی بۆ پێکهێنانی باندێکی سیخوڕی لەو وڵاتەدا هەڵوەشاندەوە و سیخوڕەکەی دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ دەنگی ئیسرائیل، ڕۆژی پێجشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، ناوندی نێوخۆیی دەزگای هەواڵگری و ئەمنییەتیی وڵاتی ئیسرائیل، بە هەواڵدەرییەکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە پیلانێکی ڕێژیمی ئێران بۆ دامەزراندنی باندێکی سیخوڕی لە وڵاتی ئیسرائیل، لە ڕێگای بازرگانێکی "ئۆردۆنـ"ـی بە ناوی "تاییر شەعفووت"، تەمەن ٣٣ ساڵ، هەڵوەشاندووەتەوە و سیخوڕەکەی دەستبەسەر کردووە.

ئەو سیخوڕە دەستبەسەرکراوە، کە بە ڕەگەز "فەلستینـ"ـییە و دانیشتووی وڵاتی ئۆردۆنە و پاسپۆرتی ئەو وڵاتەی پێیە، لە لایەن ناوەندی سیخوڕیی وەزارەتی ئیتلاعات و بەشی سیخوڕیی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەرکی پێکهێنانی باندێکی سیخوڕی، لەژێر ناوی کردنەوەی کۆمپانیایەکی بازرگانی لە نێوان وڵاتانی ئۆردۆن و ئیسرائیلدا پێ سپێردراوە، کە لە لایەن دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیلەوە بەخێرایی دەستبەسەر و ڕێگری لە بەڕێوەچوونی پیلانە پێسپێردراوەکەی کرا.

ڕادیۆ دەنگی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو سیخوڕە دەستبەسەرکراوە، هەر لە سەرەتای پێسپێردراوەکەیدا لەژێر چاوەدێریی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلدا بووە و ڕایگەیاندووە: "دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە تاییر شەعفووت، ٣ جار لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی سنووری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران چاوپێکەوتنی کردووە کە یەکەم جار و سێهەم جار لە لوبنان بووە و دووهەم جاریش لە سوورییەدا بووە و سیخوڕەکانی دەرەوەی سنووری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە عەرەبی قسەیان کردووە و خۆیانیان بە ئەبوو سادق و 'ئەبوو جەعفەر ناساندووە."

ئەرکی دیاریکراوی ئەو سیخوڕە لە وڵاتی ئیسرائیلدا ئەوە بووە کە زانیاریگەلێکی هەستیاری ئەمنییەتی، سیاسی، سەربازی، بازرگانی و چەکوچۆڵ پشتڕاست بکاتەوە و بە ئەگەری زۆریشەوە بۆ کردەوەی تێرۆریستی، باندێکی سیخوڕی پێک بهێنێت.