کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: سەردەمێک کە ئاسوودە لە تاران دابنیشن و لەوێوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵێسەدار بکەن، کۆتایی پێهاتووە

13:11 - 13 گەلاوێژ 2721

''نێفتالی بێنت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەڵاوێژ، وتی کە ئیسرائیل لە هەوڵدایە وڵاتانی دیکە کۆ بکاتەوە کە بەنیسبەت هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگری ئیسرائیلی وڵامێکی نێونەتەوەیی دژی ئێران بدرێتەوە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات ئیسرائیل خۆی دەتوانێت بە تەنیایی وڵام بداتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتی: ''سەردەمێک کە ئاسوودە لە تاران دابنیشن و لەوێوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵێسەدار بکەن، کۆتایی پێهاتووە''.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژ، کەشتییەکی بازرگانیی ئیسرائیل لە ئاوەکانی دەریای عەرەب بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کرایە سەر و لە ئاکامدا دوو کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە کوژران.

بە دوای ئەو هێرشەدا ئامریکا، بریتانیا و ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێرانیان بە تاوانبار ناساند و هۆشدارییان دا کە دەبێ بە توندی وڵامی ئێران بدرێتەوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەلاوێژ، سێ وڵاتی بریتانیا، ڕۆمانی و لیبیریا لە نامەیەکدا بۆ شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان نووسیویانە کە بە ئەگەری زۆرەوە ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر نەوتهەڵگری ''مێرسد ئێستریت'' کە لەژێر بەڕێوەبەریی ئیسرائیلدایە.

لە نامەی ئەو سێ وڵاتەدا هاتووە کە ئەو هێرشە بووەتە هۆی تێکدان و مەترسی بۆ سەر ئەمنییەتی کەشتیڕانیی نێونەتەوەیی و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێونەتەوەیی.