کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە سووریە هێرشی کردە سەر ئەمبارێکی تەقەمەنیی ملیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران

10:54 - 9 خەزەڵوەر 2721

ئەرتشی ئیسرائیل لە خاکی سووریە، بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئەمبارەکانی چەکوچۆڵ و تەقەمەنیی حیزبوڵـڵا و ملیشیاکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران و زیانێکی زۆری پێ گەیاندوون.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی بەستراوە بە ڕێژیمی سووریە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر، ئیسرائیل لە هێرشێک بۆ سەر دەوروبەری "دەمشق" ئەمبارێکی چەکوچۆڵ و تەقەمەنیی حیزبوڵـڵا و ملیشیاکانی ڕێژیمی ئێرانی مووشەکباران کرد.

هەروەها لەو هێرشە مووشەکییەدا دوو سەربازی ئەرتشی سووریە کوژران و زیانی مادیی زۆریان پێ کەوتووە.

سەرچاوەیەکی نیزامیی گرێدراو بە ڕێژیمی سووریە وتوویەتی کە ئیسرائیل بە شێوەی بەردەوام بە چەند مووشەکی زەوی بە زەوی لە باکووری ئیسرائیلەوە چەند شوێن لە دەوروبەری شاری "دەمشقـ"ـی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی.

بە وتەی ئەو سەرچاوە نیزامییە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەرتشی سووریە دژکردەوەی بە مووشەکەکانی ئیسرائیل پیشان داوە و بەشێکیانی لە ئاسمان تەقاندوونەتەوە.