کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: لەگەڵ ئامریکا لە پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی ڕێککەتنمان هەیە

12:21 - 17 رەشەمه 2721

''یائیر لاپید'' وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، ئەگەرچی ئامریکا و ئیسرائیل لەسەر بابەتی ناوکیی ڕێژیمی ئێران پێکەوە بیر و ڕای جیاوازیان هەیە، بەڵام ئەوە باسێکی نێوان هاوپەیمانەکانە کە ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە و ئەویش پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە تیکنۆلۆژیی ناوکییە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە، ''یائیر لاپید'' لەگەڵ ''ئانتۆنی بلیکێن'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە ''ڕیگا''ی پێتەختی ''لێتۆنی'' چاوپێکەوتنیان هەبووە هەتا لەبارەی شەڕی نێوان ئۆکراین و ڕووسیە و هەروەها لەبارەی ڕێککەوتنی بەرجام قسە بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە شەڕی ئۆکراین و وتووێژەکانی ناوکی باسی لەوە کردووە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بلینکێن لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە ''نەزمی جیهانی لە حاڵی گۆڕاندایە''.

بەپێی ڕاپۆرتی ''ڕۆیتێرز'' ئەگەرچی ئیسرائیل یەکێک لە لایەنەکانی وتووێژەکانی بەرجام لەنێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی بە‌هێزی جیهان نییە، بەڵام لەو پەیوەندییە لە ڕێگای لۆبیگەری و نەفوزەوە بەردەوام لەگەڵ ئامریکا لە پەیوەندیدا بووە.