کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لەگەڵ یەکەمین وڵاتی باشووری کەنداو گرێبەستی نیزامیی واژۆ کرد

11:17 - 16 رێبەندان 2721

دوای تێپەڕینی یەک ساڵ لە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان بەحرەین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ بەحرەین وەک یەکەمین وڵاتی ناوچەکە گرێبەستی نیزامیی واژۆ کرد.

ئەو گرێبەستە لە دیداری نێوان "بنی گانتس" وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و "حەمەد بن عیسا" پاشای بەحرەین واژۆ کراوە.

"گانتس" وتوویەتی: ''دوای یەک ساڵ لە پەیمانی ئیبراهیم ئێمە گرێبەستێکی گرینگی نیزامیمان واژۆ کردووە کە ئەمنییەتی هەر دوو وڵات بەهێز دەکات".

ئەو گرێبەستە دوای ئەوە واژۆ کراوە کە لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە هێرش کراوەتە سەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

دوای ئەوەیکە بەحرەین پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە بەحرەین کرد کە ئەو وڵاتە دەبێ تاوانێکی قورس بداتەوە.

ئەو گرێبەستە بۆ کۆنترۆڵکردن و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدایە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی دیکە، بە تایبەتی لە دەریاکاندا نائەمنیی بۆ کەشتییە بارهەڵگرەکان دروست دەکات.

لە ئێستادا ناوگانی پێنجەمی ئامریکا بۆ پاراستنی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە کەنداو جێگیرە.

ئیسرائیل لە هەوڵدایە کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عەرەبستان و عێراق ئاسایی بکاتەوە و دژی دزەکردنی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا کار بکات.