کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: هێرش بۆ سەر دوو فەرماندەی جیهادی ئیسلامی، ناردنی پەیامێک بۆ ئێران بوو

12:09 - 22 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هێرشەکانی ئەرتشی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵی دوو کەس لە فەرماندەکانی گرووپی جیهادی ئیسلامی لە حاڵێکدا ئەنجام دراوە کە ئیسرائیل ئەم هێرشەی بە بەشێک لە شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی ناو بردووە.

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و میدیاکانی ئەو وڵاتە جەختیان کردەوە کە گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلستین لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا پەیوەندیی هەیە و هێرش بۆ سەر ''بەها ئەبوو ئەلعەتا'' لە غەززە و ''ئەکرەم ئەلعجوری'' لە دەمیشق، ناردنی پەیام بۆ ڕێژیمی ئێران بووە.

ڕۆژنامەی ''ماکوور ڕیشون'' نووسیویەتی، ڕێژیمی ئێران ساڵانە ٧٠ ملیۆن دۆلار بە گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلستین دەدات. ئەم گرووپە لە هەموو گرووپەکان زیاتر لە خزمەتی ئامانجەکانی ڕێژیمی ئێراندایە.

هەروەها ڕۆژنامەی ئیسرائیلیی ''کاڵکالیست'' تەئیدی کردووە کە گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلستین بەتەواوی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و لە بەرامبەر ڕێکخراوی حەماسدا ڕاوەستاوە.

''بەها ئەبوو ئەلعەتا''، فەرماندەی لقی نیزامیی گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلستین بوو کە لەگەڵ هاوسەرەکەی، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، لە ئاکامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لێواری غەززە، کوژرا.

هاوکات لە هێرشێکی هاوشێوەدا لە دەمێشق، ''ئەکرەم ئەلعجوری''، لە بەرپرسانی بەشی سیاسیی ئەم گرووپە لەگەڵ چەند کەسی دیکە بریندار بوون، بەڵام  کوڕەکەی و چەند کەسی دیکە کوژران.

ملیشیا چەکدارەکانی گرووپی جیهادی ئیسلامی لە کاردانەوە بەم هێرشانە، ڕۆژی سێشەممە هێرشی ڕاکێتییان بۆ سەر خاکی ئیسرائیل ئەنجام داوە.