کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر بنکەی ئاسمانیی “T4”

11:37 - 25 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بنکەی ئاسمانیی “T4” لە قووڵایی خاکی سووریە، لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.

ئەرتشی ڕێژیمی سووریە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، ڕایگەیاند، بنکەی ئاسمانیی “T4” لە قووڵایی خاکی سوورییە، لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بە چەندین مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی “T4” لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەماس و ئەو هێرشە تەنیا زیانی ماددیی بەدواوە بووە.

"ڕامی عەبدولڕەحمان"، بەرپرسی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە وتوویەتی: "هێزەکانی ڕێژیمی سووریە و ئێران و هەروەها میلیشیا شیعەکان لەو بنکەیەدا جێگیرن".

هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئەو هێرشە کراوەتە سەر شوێنەکانی جێگیربوونی سپای تێرۆریستی پاسداران و کۆگای تەقەمەنییەکانی، زیانێکی بەرچاوی پێ گەیاندووە.

ئەو بنکە نیزامییە پێشتریش چەندین جار لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە هێرشی کراوەتە سەر.

لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ئەو بنکەیە لە ٩ی ئاوریلی ٢٠١٩ی زایینی، ١٤ کەسی نیزامی کوژران.