کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: هێرشی مووشەکی بژاردەیەکە بۆ سەر تاران

12:01 - 17 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە لە ئەگەری بەزاندنی سنوورەکانی بەرنامەی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە، هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر تاران.

"ئیسرائیل کاتز"، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیتالیایی "کۆریرە دێلاسرا"، وتوویەتی: "ئەگەر ئێران هێڵە سوورەکانی بەرنامەی ناوکی ببەزێنێت، خۆی لە بەرانبەر بەرەیەکی یەکگرتوو لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و ئامریکادا دەبینێتەوە کە سەدان مووشەکی تام هاوک دەهاویژرێتە سەر تاران".

"کاتز" لە وڵامی پرسیاری ئەو ڕۆژنامەیەدا کە ئایا "بۆردومانی ئێران" بژاردەیەکی نیزامییە، وڵامی ئەرێنی داوەتەوە و جەختی کردووەتەوە: "ئەگەر هەوڵی نیزامی دوایین ڕێکاری پێشگرتن بە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی بێت، ئیسرائیل ئەو کارە دەکات و ئامادەیە".

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی، وڵاتەکەی لەگەڵ عەرەبستان لە هاوکاریدایە، چونکە هەڕەشەکانی ئێران بە شێوەی هاوبەش بەرژەوەندیی هەر دوو وڵات دەخاتە مەترسییەوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێنجشەممەی ڕابردوو، ١٤ی سەرماوەز، هەروەها داوای پێکهێنانی "هەڕەشەیەکی نیزامیی کاریگەر" لە ڕێگای "هاوپەیمانی بە بەشداریی ڕۆژئاوا و بە ڕێبەریی ئامریکا و وڵاتە عەرەبییەکان" بوو.

بەکارهێنانی چەمکی بژاردەی نیزامی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلەوە پاش ماوەیەکی زۆر، یەک ڕۆژ پاش تاقیکردنەوەی مووشەکی نوێ لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەوە بوو.