کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی مووشەکیی کردە سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە

10:46 - 11 رەشەمه 2720

ئەرتشی سووریە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل چەند شوێنی لە باشووری دەمیشق کردووەتە ئامانجی هێرشی ڕاکێتیی خۆی.

بەپێی ئەو بەیاننامەیەی ئەرتشی سووریە، ئەم هێرشە لە بەرزاییەکانی گوڵان ئەنجام دراوە و پەدافەندی هەوایی سووریە توانیویەتی وڵامی ئەو هێرشە بداتەوە و هێندێکیان لە ئاسمان بکاتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کرد کە ئەم هێرشانە بنکەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج و ئەمە بەشێکە لە وڵامی ئیسرائیل بەنیسبەت هێرش بۆ سەر کشتییە ئیسرائیلییەکە.

پێشتر ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە بەڵگەی تەواوی لەبەر دەستدایە کە نیشان دەدات ئێران لە هێرش بۆ سەر کەشتیی ئیسرائیلی لە ئاوەکانی دەریای عەمان دەستی هەبووە.

''بێنی گانتز'' وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتبووی، بەراوردە سەرەتاییەکان نیشان دەدات کە ئێران بەرپرسی هێرشکردنی سەر ئەو کەشتییەیە.

ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بنکەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیا چەکدارەکانی لە سووریە کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی، بەڵام ئەم هێرشانە لە ساڵی نوێی زایینییەوە زیاتر پەرەی گرتووە.